عەبادیی: با ھەرێمی كوردستان مووچەی پێشمەرگە لە نەوتی كەركووك بدات

پەرلەمانتارێکی کورد: عەبادیی دانی بەوەدا نا کە دەسەڵاتی بە سەر كەركووك و خورماتوو نەماوە

K24- ھەولێر:

حەیدەر عەبادیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە راشكاوانە بە ئەندامێكی كوردی گوتووە با حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەی ھێزەكانی  پێشمەرگە لە نەوتی كەركووك بدات.

حەیدەر عەبادیی لە کۆبوونەوەکەدا بە شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی راگەیاندووە: "كە دەسەڵاتی بە سەر كەركووك و خورماتوو نەماوە و رازییە بەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە نەوتی كەركووك مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە بدات".

هاوکات رێبوار تاڵەبانیی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت بە (كوردستان 24) راگەیاند: "بەگوێرەی ئەوەی ھێزەكانی پێشمەرەگە لە ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی سنووری ھەرێمی كوردستان جگە لە كورد نەتەوەكانی دیكەش دەپارێزن، نەتەوەكانی دیكەی كەركووك پاڵپشتیی خۆیان بۆ پێشمەرگە دەربریوە".

هەروەها نەجات حوسێن، ئەندامی كوتلەی توركمانیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تایبەت بە ( كوردستان 24) گوتی:"لە سەرەتای ھاتنی داعش بۆ سنووری كەركووك سوپای عێراق لە ماوەیەكی كورتدا سنوورەكانی كەركووكی چۆڵكرد، ھێزەكانی پێشمەرگە جێگای سوپای عێراقیان گرتەوە، رێگریان لە پێشڕەوییەكانی داعش بۆ كەركووك کرد".

ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد

سەرچاوە: كوردستان24

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5de66eb0-5574-4bd1-aebd-468b00ad46d4/abadi%20dan%20ba%20kurdistani%20buni%20karkuk%20danet.ism/manifest