تەرمی 25 كۆچبەری دیكە دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی كوردستان

"تا ئێستا 12كۆچبەر بێسەرو شوێنن"

K24- ھەولێر:

فیدراسیۆنی پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی 25 كۆچبەری دیكە كە لە دەریای ئیجەدا خنكاون بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان.

ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری لقی فیدراسیۆنی پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) رایگەیاند: "بڕیارە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی 25 كۆچبەری دیكە بە رێگەی فڕۆكەخانەی ھەولێرەوە بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی كوردستان".

ئاری جەلال گوتیشی: "ئەو كۆچبەرانەی كە ئەمڕۆ تەرمەكانیان دەگاتەوە ھەرێمی كوردستان لە رووداوەكەی 27ی مانگی رابردوودا لە دەریای ئیجەدا خنكاون و 19یان خەڵكی پارێزگای سلێمانین و 6 دیكەشیان خەڵكی پارێزگای ھەولێرن".

سەرپەرشتیاری لقی فیدراسیۆنی پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان ئەوەی روونكردەوە: "تا ئێستا 12 كۆچبەر لەو رووداوە بێسەروشوێنن و دوو تەرمی دوو کۆچبەر کە لە رووداوەکەی 27ی مانگی رابردوو خنکاون نەناسراونەتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کۆتایی مانگی رابردوو تەرمی 24 کۆچبەر کە لە دەریای ئیجەدا خنکابوون گەرێندرانەوە هەرێمی کوردستان.

بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە عێراق ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە ھاوڵاتیانی شارەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان روویان كردووەتە وڵاتانی ئەوروپا، ژمارەیەك لەو پەنابەرانە بەھۆی رووداوای كەوتنە ناو ئاو لە دەریای ئیجەدا لە نێوان تورکیا و یۆنان خنکاون.

بەگوێره‌ی ئامارێكی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق، تەنیا لە مانگی رابردوودا 134 ھاوڵاتی ھەرێمی كوردستان لە رێگه‌ی به ‌قاچاغ چوون بۆ ئه‌وروپا لە ده‌ریای ئیجەدا خنكاون.