ناتۆ ھێز رەوانەی عێراق دەكات

"وڵاتانی كەنداو ئامادەییان دەربڕیوە بۆ زیاتر ھاوكاریی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بكەن لە پێناو چڕتركرنەوەی پرۆسە سەربازییەكان لە دژی داعش"

K24- ھەولێر:

ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند پەیمانی ئەتڵەسیی ناتۆ ھێز رەوانەی عێراق دەكات بەمەبەستی ھاوكاریکردنی ھێزەکانی عێراق.

ئاشتۆن كارتەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆنفرانسی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ، راشیگەیاند: "ئامانج لە رەوانەكردنی ھێزێكی تایبەتی ناتۆ بۆ عێراق ھاوكاریكردنی عێراقە لە شەڕی دژی داعش".

ئاشتۆن كارتەر گوتیشی: "وڵاتانی كەنداو ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی زیاتر ھاوكاریی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بكەن لە پێناو چڕتركرنەوەی پرۆسە سەربازییەكان لە دژی چەكدارانی داعش".

لە دوای شەڕی داعش بەشێك لە وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی ئەم گرووپە، كە ھاوكات بەشێكیان ئەندامن  لە پەیمانی ناتۆ راھێنەر و پسپۆری سەربازییان رەوانەی عێراق كرد بەمەبەستی مەشقپێکردنی ھێزە عێراقییەكان.

ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە سێ هەزار سەرباز و راهێنەر و راوێژکاری سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگریکردووە بۆ هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش.

سەرچاوە: یۆرۆ نیوز، ئا: شنۆ محەممەد