ئێران: ئامادەین لەسەر كێشەی سووریا ھاوكاری سعودییە بكەین

سەرۆكی ناوەندی ھێزە سەربازییەكانی ئێران گوتی: "واباشترە سعودییە واز لەو پروپاگەندانە بێنێت".

K24- ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە ئەڵمانیا رایگەیاند ئێران ئامادەیە بەمەبەستی چارەكردنی كێشەی سووریا و كۆتاییھاتنی كارەساتی مرۆیی ھاوكاریی سعودییە بكات.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتاری تایبەتی خۆیدا لە كۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە میونشن لە ئەڵمانیا گوتی: "ئێران و سعودییە بەرژەوەندیی ھاوبەشیان لە سووریا ھەیە، بۆیە پێویستە ھاوكاریی یەكدی بكەن".

پرسی سووریا بە یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكانی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودییە هەژمار دەکرێت لەو ساڵانەی دواییدا.

دوای ئەوەی لە ئێران كۆمەڵێك ھاوڵاتیی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی لەسێدارەدانی كەسایەتیی شیعە نمر باقر ئەلنمر لە لایەن سعودییەوە ھێرشیانكردە سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران، سعودییە بڕیاریدا پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەكانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.

گوتەكانی وزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ھاوكارییکردنی سعودییە بە ھەڵوێستی ئاشتیخوازانەی ئێران بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوولا دادەندرێت.

محەممەد جەواد زەریف، لە كۆنگرەی ئاسایش لە میونشن گوتیشی: "ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین، ھیچ كێشەیەك لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نییە كە چارەسەر نەكرێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو: "لەپاڵ قەیرانی ئاوارەكاندا، تایەفەگەریش كێشەیەكی گەورەی دیكەی ناوچەكەیە و بە ھاوكاریی براكانمان لە توركیا و سعودییە دەتوانین چارەسەریان بكەین".

سعودییە بەمدوایانە رایگەیاند بەنیازە ھێزی سەربازیی رەوانەی سووریا بكات، بەڵام ئێران ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر ئەم بڕیارەی سعودییە دەربڕی.

هاوکات سەرۆكی ناوەندی ھێزە سەربازییەكانی ئێران، حەسەن فیروزئابادیی، ئەمڕۆ گوتی: "سەرەتا پێویستە سعودییە ئەو 150 ھەزار ھێزەی خۆی كۆبكاتەوە و دواتر رێژەیەكیان بۆ دیاریی بكرێت، واتا ژمارەیەك سەربازی دیاریكراو كە بە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی پێشان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بدرێن، بۆیە واباشترە سعودییە واز لەو پروپاگەندانە بێنێت".

سەرچاوە: بی بی سی، وەرگێڕان: لەیلا قادریی