توركيا رێوشوێنه‌كانى فيزا بۆ عێراقييه‌كان توندتر ده‌كات

توركيا رێككاره‌كانى پێدانى فيزاى بۆ هاووڵاتييانى عێراقيى توندتر كردووه‌، به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى رێگرى بكات له‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ى چه‌كدارانى بيانيى بۆ ناو خاكه‌كه‌ى.

K24 – هه‌ولێر:

توركيا رێككاره‌كانى پێدانى فيزاى بۆ هاووڵاتييانى عێراقيى توندتر كردووه‌، به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى رێگرى بكات له‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ى چه‌كدارانى بيانيى بۆ ناو خاكه‌كه‌ى.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا، يه‌كێتيى ئه‌وروپا ره‌خنه‌ى له‌ توركيا گرتبوو، له‌ باره‌ى چوونى زۆرترين ژماره‌ى په‌نابه‌رانى ناياسايى بۆ ئه‌وروپا له‌ رێگه‌ى توركياوه‌.

رۆيته‌رز نووسيويه‌تى: توركيا بووه‌ته‌ خاڵێكى سه‌ره‌كيى بۆ په‌ڕينه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش له‌ توركياوه‌ بۆ سووريا.

له‌ 10ى شوبات/ فێبرايه‌ره‌وه‌، توركيا مه‌رجه‌كانى پێدانى فيزاى به‌ عێراقييه‌كان قورس كردووه‌.

هه‌روه‌ها پێدانى فيزاى له‌ رێگه‌ى ئينته‌رنێته‌وه‌ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشتر هاووڵاتييانى عێراق ده‌يانتوانيى له‌ رێگه‌ى ئينته‌رنێته‌وه‌ فيزاى توركيا به‌ده‌ستبهێنن.

له‌ ئێستادا و به‌ گوێره‌ى رێككاره‌ نوێيه‌كان، داخوازانى فيزاى توركيا ده‌بێت له‌ رێگه‌ى چاوپێكه‌وتنى كه‌سييه‌وه‌ و له‌ باره‌گاى نێرده‌ى توركيا له‌ به‌غدا و هه‌ولێر، داواكارى وه‌رگرتنى فيزا پێشكه‌شبكه‌ن.

باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق، فاروق قايماقچى، له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، رايگه‌ياند، هه‌زاران عێراقى له‌ توركيا به‌ شێوه‌ى ناياسايى ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌يانه‌وێت بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ وڵاتانى خۆرئاوا.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌ مليۆنان كه‌س له‌ توركياوه‌ روويانكردووه‌ته‌ ئه‌وروپا، به‌ڵام سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان هه‌فته‌ى رابردوو، رايگه‌ياند، ئه‌و كاته‌ دێت، كه‌ توركيا ده‌رگاى چوون به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌ رووى په‌نابه‌رانى ناياساييدا بكاته‌وه‌.

ئا: ئ.هـ