وەزیری دەرەوەی ئێران: چەند وڵاتێكی ناوچەكە داعشییان كردووەتە كارتی فشار

مۆگرینی: ھەندێك قۆناغ ھەن دەبێ پێیاندا تێپەڕین بۆ كەمكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكان لە سووریا
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/08dd88de-4f9c-4afd-ad14-695356ab4ef0/zarif%20u%20mugrini.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە چەند وڵاتێكی ناوچەكە داعش وەكوو كارتی سیاسیی بەكار دەێنن، ھاوكات نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا داوا لە ئێران دەكات، بۆ چارەسەركردنی قەیرانیی سووریا یارمەتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بكات.

دوای رێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی 5+1، ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت لەگەڵ ئێران قسە لەسەر رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا بكەن.

فرێدریكا مۆگرینی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا گوتی: "ھەماھەنگیی و ھاوكاریكردنی وڵاتان لەگەڵ یەكدی لە ناوچەدا پێویستە, ھەر وەك چۆن لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ یارمەتیدانی سووریا پێكەوە كارمان كردووە".

مۆگرینی گوتیشی: "ھەندێك قۆناغ ھەن كە پێویستە بۆ كەمكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكان و  گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی لە ناو سوریادا پێیاندا تێپەڕین".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر وەكوو چۆن لە گفتوگۆكانی ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەر پرسی ناووكی ئێران، شاندی دانووستانكاری ئێران كاتێكی زۆریان بۆ خۆیان كڕیی و لەسەر داواكانیان پێداگڕ و لە پێدانی ئیمتیازدا دەستییان تووندكردبوو، لە سەر قەیرانی سووریاش تۆپەكە ھەر دەھاوێنە ناو گۆڕەپانی بەرامبەریان".

ھاوكات وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف گوتی: "ئەگەر وڵاتانی دراوسێ پێیانوایە كە دەتوانن داعش و ئەلنوسرە وەكوو كارتی سیاسیی بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكار بێنن، ئەو كات ھەوڵی رێككەوتن و راگڕتنی شەڕ دەدەین".

وڵاتانی رۆژئاوا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و یەمەن ھانایان بۆ ھێزە ناوچەییەكان ھێناوە، ئەوە لەكاتێكدا بەشی زۆری ئەو وڵاتانە و لە سەرووی ھەموویانەوە ئێران و سعودییە بەوە تۆمەتبارن كە سەركردایەتی دوو بەڕەی ناكۆكی ناوچەكە دەكەن و تەنانەت دەگوترێ لەھەندێك شوێن بە وەكاڵەت شەڕی خوێناویش بە دژی یەكدی دەكەن.

سەرچاوە:DW، داڕشتنەوە: لەیلا قادریی