بازرگانانی كورد لە دوبەی پرۆژەی تایبەت بە خۆیان هەیە

خواردنی كوردەواریی پێشكەشی میوانەکانیان دەكەن
kurdistan24.net

K24- ھەولێر:

لەم چەند ساڵەی دواییدا بەھۆی كرانەوەی ھەرێمی كوردستان لە رووی سیاسیی و ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی جیھاندا، ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانانی كورد لە دەرەوەی وڵات كار دەكەن، دوبەی یەكێكە لە ناوەندە بازرگانییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە چەندین بازرگانی كورد تێیدا کار دەکەن.

ئاوات حمە عەلی، یەكێكە لەو بازرگانە كوردانەی لە دوبەی كاری بازرگانیی دەكەن، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژ باش-ی (كوردستان24) گوتی: "نزیكەی حەوت ساڵە لە دوبەی كاری بازرگانیی دەكەم، كارەكەم ئەوەیە ئۆتۆمبێل ھەناردەی ھەرێمی كوردستان دەكەم، ماوەی ساڵێك دەبێت قەیرانی دارایی لە ھەرێمی كوردستان كاریگەریی كردووەتە سەر كاری ئێمە لە دوبەی".

ئاوات حمە عەلی گوتیشی: "ھۆكاری كاركردنم لێرە ئەوەیە، كاركردن لە دوبەی بۆ سەرمایەداران ئاسانكاریی زۆری تێدایە، بە تایبەتیی لە سیستمی بانك و ناردن و وەرگرتن، حكوومەت ئاسانكاریی زۆر دەكات و بەشدارە لەگەڵمان، لێپرسینەوەمان لەگەڵدا دەكەن، ئەگەر كێشەمان ھەبێت یان پێشنیارت ھەبێ دەتوانی پێشكەشی بكەیت ئەمەش كاریگەریی ئەرێنیی ھەیە لەسەر بازرگانیی".

دووبەی دووەم گەورە میرنشینی وڵاتی ئیماراتە، بە سەنتەرێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوان کیشوەورەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەورووپا هەژمار دەکرێت، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە هەشتا هەزار کورد نیشتەجێی ئیماراتن کە بەشێکی زۆریان لە شاری دوبەی ژیان بەسەر دەبن.

لە پاڵ کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی ئەوان خاوەن چەندین کۆمپانیای گەورە و نووسینگەی وەرگرتن و گواستنەوەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین چێشتخانەی کوردیی هەن کە خواردن وچێشتی کوردەواریی پێشکەش بە میوانانیان دەکەن، زۆرێك لەو گەشتیارانەی سەردانی دوبەی دەكەن روو لە چێشتخانە كوردییەكان دەكەن.

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا