بۆ گه‌يشتن به‌سه‌ربه‌خۆيى، پێويسته‌ كوردستان لە رووی ئابووریەوە لە سەر پێی خۆی راوەستێتەوە

نه‌ديم زه‌هاوى
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

روونيشى كرده‌وه‌: "پێویستە كار لە سەر چارەسەری سیاسی بكەین چارەسەرێك، حكوومەتێكی سەركەوتوو بۆ خەڵك دروست بكات، ئەو خەڵكە لە سایەیدا ھەست بە ئارامی بكەن، یەكەم بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان، پاشان بۆ ئەوەی لەو شوێنانە دەست بە ژیان بكەنەوە، بتوانن كۆمەڵگا بنیاد بنێنەوە، بۆ ئەوەی شارەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، ئەگەر نەمانتوانی ئەم دڵنیاییە بۆ خەڵك فەراھەم بكەین، كەواتە ھیچمان نەكرد و كیشەكان قوڵتر دەبنەوە".

گوتيشى: "كوردستان حكوومەتی ھەیە، ھیوادارم بەم زوانە پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر كارەكانی، چونكە گفتوگۆی سیاسی لێرە لە قۆناغێكی باشدایە، بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی لە كوردستان بكات، پێویستە پرۆسەی سیاسی بەردەوام بێت".

هه‌ر له‌و هه‌ڤپه‌يڤينه‌دا گوتيشى: "من گەشبینم، ئەوەی كە بیستوومە، پارتە سیاسییەكان زۆر جدین لە سەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، خەونی ھەموو كوردێكە كە دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێت، بەڵام چۆن ئەم كارە دەكەیت؟، چۆن بەدەستی دێنیت؟ پرسیارەكە ئەوەیە، كە ئێوە و دراوسێكانتان، عێراق، بێگومان وڵاتانی ناوچەكە چۆن رێكدەكەون، كەواتە ئەوەی بە لای منەوە زۆر گرنگە، من دووبارە دەیڵێمەوە".

گوتيشى : "زۆر دڵخۆشم كە گوێم لێ بوو، سەرۆك وەزیرانی كوردستان باسی لەوە كرد، كوردستان ھەر شتێك بكات، گفتوگۆ لەو بارەیەوە لەگەڵ بەغدا دەكات، وەك قۆناغی یەكەم، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەھێز لەنێوانیان ھەبێت، پەیوەندییەكی ئەرێنی لەگەڵ بەغدا، ئەوە باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی بیگریتە بەر، ئەگەر بتەوێت ھەر داھاتوویەك بۆ خۆت ھەڵبژێریت بۆ كوردستان، گرنگترین شت لە ئێستادا ئەوەیە داعش لە ناو ببرێت، كوردستان لە رووی ئابووریەوە لە سەر پێی خۆی راوەستێتەوە، دووبارە دەستبەكاربنەوە، لەبەرئەوەی قەیرانی ئابووری كێشەی قوڵتر و زیاتر بە دوای خۆیدا دەھێنێت، دواجار، دەبێ كورد توانای بریاردانی ھەبێت".

نه‌ديم، باسى له‌وه‌شكرد، گرنگە سیاسییەكانی كورد و خەڵكی كوردستان، بیر لەوە بكەنەوە، كە پاش ئەم پرۆسەیە چییان دەوێت، ئەوەی ئێمە دەیكەین، لە راپۆرتەكەماندا ھیوادارم باس لەوە بكەین، تیشك بخەینە سەر ئەوەی، چی دەگونجێت بیكەین لە رووی چارەسەری سیاسییەوە، سەبارەت بەوەی عێراقی نوێ دەكرێت چۆن بێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ژمارەیەكی زۆر كارمەند ھەیە كە لە كەرتی حكومیدا كار دەكەن، ئێمە لە بەریتانیا ناچاربووین لە ساڵی 2010 لەو بارەیەوە بڕیار بدەین تواناكانیان بخەینە گەڕ، چونكە حكوومەت پارەیەكی زۆر خەرج دەكات، دەبوایە مووچە بدات، تێچووی فەرمانگەكان بدات و زۆر شتی دیكەش، دەبوایە ئەو رێژە زۆرەی فەرمانبەر رێك بخەین و كاریان پێ بسپێرین، ئەوە زەحمەتە، بەڵام ھەموو كەس لای خۆیەوە دەبێ ھەوڵ بدات، من باسی بابەتێكی سیاسی ناكەم، بەڵام ھەر تاكێكی كورد كە بەیانیان لە خەو ھەڵدەستێت، پێویستە لە خۆی بپرسێت، دەتوانم چی بۆ كوردستان بكەم، نەك بڵێت كوردستان چی بۆ كردووم، لەوێوە ئێوە دەست بە چارەسەركردنی كێشە ئابووریەكانتان دەكەن، من متمانەم بە خەڵكی كوردستان ھەیە، كوردستان وڵاتێكی بچووكە، بەڵام وزە و توانایەكی زۆری تێدایە، راستە لە ژێر خاكەكەیدا سەرمایەیەكی زۆر ھەیە، بەڵام لە سەر رووی خاكەكەی سەرمایەیەكی گرنگتر ھەیە، كە سەرمایەی توانای مرۆڤەكانە".

نه‌ديم له‌درێژه‌ى قسه‌كانيدا گوتيشى: "دانیشتوانی ئێرە زۆر بەھرەمەند و بە توانان، تەماشای سنگاپور بكە، كە سەرچاوەی داھاتی زۆر كەمە، بەڵام حكوومەتێكی باشی ھەیە، ئەمە لە رووی ئابووریەوە موعجیزە دروست دەكات، من پێم وایە ئێوە دەبێ ئەو كارە بكەن، ئەگەر توانیتان لە رووی ئابووریەوە كاری خۆتان بكەن، ھەر شتێكی دیكەتان بوێ، بۆتان ئاسان دەبێت، جا ئەو كات، كۆنترۆڵی چارەنووسی خۆتان لای خۆتانە، ئێوە دەبنە خاوەنی چارەنووسی خۆتان، شتێكی دیكە كە ئەركی سەرشانی ئێمەیەزۆر بە ئاشكرا و بێ پەردە دەیڵێم، ھاوكاری ئابووریە، ئەوەندەی بتوانین، دەكرێت ھەوڵ بدەین بۆ ئەوەی كوردستان لە سەر پێی خۆی راوەستێت، ئێوە یەك ملیۆن و حەوت سەد ھەزار ئاوارەتان لە خۆ گرتووە، شنگال پێویستی بە ئاوەدان كردنەوەیە، ئێمە لە گەڵ ھاوپەیمانە ئەوروپیەكانمان قسە دەكەین، بۆ ئەوەی لامان روون بێت چەندە دەتوانین ھاوكاری بكەین،".