تەنیا كێشی قاچێكی 100 كیلۆگرامە

راجاسیگ ستیڤن ھاوكینگی بۆ خۆی كردووە بە نموونە و بڕیاریداوە، نائومێد نەبێت.

K24 – ھەولێر:

هاووڵاتییه‌كی هیندی، لە سەرەتای لەدایكبوونیەوە تووشی جۆرە نەخۆشییەكی بۆماوەیی بووە و بە ھۆیەوە ئەندامانی جەستەی بە شێوەی ناسروشتی گەشە ده‌كه‌ن.

ئاروان راجاسیگ تەمەن  34 سالان و دانیشتووی ناوچەی شینای باشووری ھیندستانە و لەسەرەتای لەدایكبوونییەوە تووشی جۆرە نەخۆشییەكی دەگمەنی بۆماوەیی بووە.

ئێستا كێشی یەك قاچی ئەو پیاوە 100 كیلۆگرامە واتا بەقەدەر كێشی بێچووە فیلێكە، بە جۆرێك توانای جووڵەی نییە، پزیشكانی ھیندیش لەو گەشە نائاساییەی قاچی راجاسیگ سەریان سوڕماوە.

له‌ كاتی له‌ دایكبوونی راجاسیگ، پزیشكەكان پێیانوابووە، دوای ھەفتەیەك گیان لەدەست دەدا، بەڵام ئەو بۆچوونەی پزیشكەكان بە ھەڵە دەرچوو و ئێستا ئەو تەمەنی 34 ساڵە.

بە گوتەی پزیشكان  راجاسیگ بە بەردەوامی لە ژێرچاودێری پزیشك دابووە و بۆ كەمكردنەوەی ئازاری قاچەكانی چارەسەری فیزیایی بۆ كراوه‌.

سەرەڕای بەكارھێنانی دەرمان وچارەسەری فیزیایی بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی، بەڵام پزیشكەكان تا ئێستاش نەیانتوانیوە دەرمانێكی كاریگەر بۆ ئازاری قاچەكانی راجاسیگ بدۆزنەوە.

ئاروان راجاسیگ دەڵێت: "پزیشكەكان لێكۆڵێنەوە لەسەر نەخۆشییەكەی من دەكەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە، دەرمانێكی كاریگەر بۆ ئازاری جەستەی من بدۆزنەوە، بۆیە زۆرجار دڵسارد دەبم، بەڵام ھەرگیز نائومێد نییم".

راجاسیگ بۆ ئەنجامدانی كارەكانی پێویستی بە یارمەتی ھەیە، بەڵام سەرەڕای نەخۆشییەكەی لە خوێندن دانەبڕاوە و دەرچووی پەیمانگای پزیشكییە و لە چەندین شوێن كاری كردووە.

راجاسیگ، ستیڤن ھاوكینگی زانای به‌ناوبانگی فیزیایی كه‌ كه‌مئه‌ندامه‌ و له‌سه‌ر كورسی كه‌وتووه‌، بۆ خۆی كردووەته‌ نموونە و بڕیاریداوە، نائومێد نەبێت.

سەرچاوە: جام جەم

وەرگێڕان: لەیلا قادریی