ریفۆرمخوازانی كورد: پشتیوانی لە هیچ كاندیدێك ناکەین

ریفۆرمخوازانی كورد: كاندیدە ناسراوەكانی ریفۆرمخوازان رێگای بەشدارییان پێنەدراوە، بۆیە بڕیارماندا پشتیوانی لە هێچ كاندیدێك نەکەین

K24 – ھەولێر:

لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران، ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی پارێزگای شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەكییان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، پشتیوانی لە هیچ كاندیدێك ناکەن.

دەستەی باڵای ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی كورد لە سنە لە بەیاننامەیەكدا  ئاشكرایانكرد: "له‌ ھەڵبژاردنی ئێران، تا ئێستا بڕیارمان نه‌داوه‌، پاڵپشتی لە ھیچ كاندیدێك بكه‌ین".

لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "وێڕای رێزمان بۆ كاندیدەكان، تا ئێستا بڕیارماننەداوە پشتیوانی لە ھیچ كاندیدێك بكەین و ئەگەر لەمبارەیەوە بڕیارێکی نوێ بدەین، بێگومان خەڵکی ئەم پارێزگایەی لێ ئاگادار دەکەینەوە".

ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی كورد ھۆكاری پاڵپشتیی نەكردنیان لە كاندیدەكان لە بەیاننامەكەدا بەو شێوەیە خستووەتەڕوو: "بە سەرنجدان بەوەی كاندیدە دیار و ناسراوەكانی ریفۆرمخوازان و میانەڕەوەکان رێگایان پێنەدراوە، به‌شداربن و لە لایەن شورای نیگەھبانەوە رەتكراونەتەوە، بڕیارمان دا پشتیوانی لە هێچ كاندیدێك نەکەین".

بەیاننامەكە جەختیشی كردووەتەوە: "هەر هەڵوێستێک لە لایەن ئەو حزبانەی ئەندامی ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی كوردن، تەنیا هەڵوێستی ئەو حزب و لایەنەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەنجوومەنەكەی ئێمەوە نییە".

ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی کورد لە پارێزگای سنە هەروەها گوتیان: "ئامانجمان ئەوە بووە، زۆرترین رێژەی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریدا بكەن، بەڵام رێگریان لێكراوه‌".

لە هەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێراندا كە بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بەڕێوەبچێت، بەرەی یەکگرتووی کورد، وەک تاکە رێکخراوی سیاسیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرجەم پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تارانی پایتەخت کاندیدانی خۆیان دیاریکردبوو، بەڵام پاش ئەوەی سەرجەم کاندیده‌کانی ئەو بەرەیە لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە رەتکرانەوە، لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند: "به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراندا ناكه‌ن".

سەرچاوە: خەبەر ئۆنلاین

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی