رۆژنامه‌ی حه‌یات: ئه‌ردۆغان هۆشداریی دایه ئۆباما

K24 ـ هه‌ولێر
پێشهاتی جه‌نگ له سووریا و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، جه‌نگی داعش له لیبیا و باكووری ئه‌فریقا، هه‌روه‌ها ره‌وشی په‌نابه‌ران له ئوستراڵیا مژاری ئه‌مڕۆی میدیای عه‌ره‌بیی و جیهانییه.
رۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نیی هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به ناونیشانی "ئه‌نقه‌ره هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیك ده‌كات".
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، ، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به هه‌ر هاوكاریكردنێكی نوێ بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، هۆشداریدا و ره‌خنه‌ی له ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوا گرتووه.
رۆژنامه‌كه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به ئاماژه‌یه‌ك له قه‌ڵه‌مداوه بۆ بوونی دابه‌شبوونێكی قوڵ له نێوان وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سیی (ناتۆ).
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، له ئه‌نجامی بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا له لیبیا 41 چه‌كداری داعش كوژران كه یه‌كێكیان سه‌ركرده‌ی ئه‌و گرووپه‌یه.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه، بۆردومانه‌كه بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له شاری سبراته‌ی رۆژئاوای لیبیا ئه‌نجامدراوه و بووه‌ته هۆی كوژرانی 41 چه‌كداری داعش و برینداربوونی شه‌ش چه‌كداری دیكه.
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به ناونیشانی "بۆ ره‌چاوكردنی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر توركیا، میلیشیاكانی سووریای دیموكرات، جه‌نگ ده‌گوازێته‌وه بۆ ناوچه‌ی ئه‌لشه‌دادی".
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی جه‌نگیان له دژی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كانی پارێزگای حه‌له‌ب گواستووه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كانی سنووری پارێزگای حه‌سه‌كه له سووریا.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانه له‌گه‌ڵ توركیا.
پرسی په‌نابه‌رانی جیهان وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ئوستراڵیاشی گرتووه‌ته‌وه و له‌و چوارچێوه‌یه، رۆژنامەی سیدنی مورنینگ هێراڵد هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به ناونیشانی "سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی كۆچبه‌رانی ده‌ستگیركراوی غینیای نوێ و دوورگه‌ی ناورۆ له زه‌ریای هێمن، ئوستراڵیا وتوێژ له‌گه‌ڵ ئیندۆنیسیا و مالیزیا و هه‌روه‌ها فلیپین ئه‌نجامده‌دات".
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی په‌نایان بۆ ئوستراڵیا بردووه، ژماره‌یان كه‌متره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی روویان له وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه.
ئا: ن. ف