بەریتانیا بڕیارێکی لەبارەی مان و نەمانی لە یەکێتی ئەوروپا دەرکرد

دەیڤد كامیرۆن: دەتوانین لەنێو ئەوروپایەکی نوێدا وڵاتێکی سەقامگیر و ئارامتر بین
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/04afd6a7-78c3-41e6-869d-e2b80d5c6047/UK%20EU.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

دەیڤد کامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند رۆژی 23ی مانگی حوزیرانی داھاتوو، رۆژێکی چارەنووسساز دەبێت لە مێژووی وڵاتەکەی، ئەمەش دوای دیارییکردنی ئەو بەروارە بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە بەریتانیا لەسەر مانەوە یا نەمانەوەیان لە یەکێتی ئەوروپا.

دەیڤد کامیرۆن لە گوتارێکدا بە جیھانی راگەیاند: سەرەڕای ئەوەی بڕیاری ریفراندۆمی راگەیاندووە، بەڵام ئەو لەوبڕوایەدایە بەریتانیا، داھاتوویەکی سەقامگیر و ئارامتری دەبێت ئەگەر لەنێو زۆنی ئەوروپا بمێنێتەوە.

دەیڤد کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: "بە ھەموو بڕوامەوە، پێموایە کە ئێمە دەتوانین لەنێو ئەوروپایەکی نوێدا، وڵاتێکی سەقامگیر و ئارامتر بین، لەبەرئەوەی بەوشێوەیە دەتوانین پێکەوە رووبەڕووی تەحەدا و ھەڕەشەكانی تیرۆر ببینەوە".

سەرەڕای دڵنیایەكانی  دەیڤد کامیرۆن بۆ بەریتانییەکان لە مانەوەیان لە نێو ئەوروپا، داھاتوویان باشتر دەکات، بەڵام ھێشتا بەریتانییەکان خۆیان یەکلانەکردووەتەوە لەسەر بڕیاردان لە چارەنووسی وڵاتەکەیان.

ھاوڵاتییەكی بەریتانیا لەمبارەیەوە دەڵێ: "پێموایە ئەنجامدانی ریفراندۆم ھەنگاوێکی باشە و مافێک بە تاکەکانی کۆمەڵگەی بەریتانیا دەدات بە دەنگی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاریی بکەن، بۆیە ئەوە کارێکی باشە، بەڵام ھێشتا بڕیارم نەداوە کە دەنگ بە بەڵێ یان نەخێر دەدەم".

ھەندێکی دیکەش پێیانوایە دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا دەرباز دەکات لە ھەندێ قەیران.

ھاوڵاتییەكی دیكە كە دژی مانەوەی بەریتانیایە لە یەكێتی ئەوروپا دەڵێ: "ژمارەیەکی زۆری بیانیی ھیچ کار ناکەن و لەسەر ھاوکاریی کۆمەڵایەتیی دەژین و ئەمەش شتێکی باش نییە و بەدڵنیاییەوە دەنگ دەدەم لە یەکێتی ئەوروپا دەرچین".

رۆژی ھەینیی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ریفراندۆم بکرێت، بەڵام حکومەتی بەریتانیا بەسەرکردایەتی کامیرۆن بەڵێنیداوە دەنگدەریی بەریتانیی رازیی بکات لە یەکێتیی ئەوروپا بمێننەوە.

سەرچاوە: AFP، داڕشتنی: شنۆ محەممەد