ئێران وەكوو شارێكی كوردیی مامەڵە لەگەڵ كرماشان ناكات

تەلەفزیۆنی لۆکاڵی کرماشان ھیچ پرۆگرامێكی بە زمانی کوردیی نییە

K24 – ھەولێر:

لە پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان كەمپەینێك بە ناوی زاگرۆس راگەیەندرا كە داوا لە حكوومەتی ئێران دەكات، تەلەفزیۆنی (ناوخۆیی) لۆكاڵیی ئەو پارێزگایە پڕۆگرامەكانی بە زمانی كوردیی بڵاو بكاتەوە.

كەمپەینی زاگرۆس دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی پارێزگای كرماشان لە ریزی پارێزگا ھەژارەكانی ئێراندایە، بەڵام داخوازییە سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە زیاتر لە پرسی کولتووریی و نەتەوەییدا خۆیان دەبیننەوە".

کەمپەینی زاگرۆس لە کرماشان ئەوەشی خستەڕوو: "تەلەفزیۆنی لۆکاڵی کرماشان ھیچ پڕۆگرامێكی بە زمانی کوردیی نییە، لەکاتێدا تەلەفزیۆنی پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان كە دراوسێی كرماشانە رۆژانە پڕۆگرامەكانی بە زمانی کوردی بڵاودەكاتەوە".

کەمپەینی زاگرۆس باسی لەوەش كرد: "‌حکوومەتی ئێران وەك شارێكی كورد مامەڵە لەگەڵ کرماشان ناکات، ھەر بۆیە سەرەڕای گڵەیی هەژاریی و ئابووریی گلەیی کولتووریشمان لە دەسەڵاتدارانی ئێران ھەیە".

ھەرچەندە پارێزگای کرماشان بە یەکێک لە مێژووییترین پارێزگاكانی روژھەڵاتی كوردستان و ئێران ھەژمار دەكرێت و بە گوتەی شارەزایانی گەشتوگوزار دەكرا ئەو پارێزگایە لە رووی گەشتیارییەوە ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووریی بۆ دانیشتووانەكەی، بەڵام یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێرانە.

ھاوكات لە رووی بێكاریشەوە پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان یەکێک لە سێ پارێزگا هەرە بێکارەکانی ئێرانە.

شەهرام نازریی هونەرمەندی بەناوبانگی كوردی خەڵكی كرماشان لە نوێترین كۆنسێرتی خۆیدا كە ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستا بڵاویكردەوە، گۆرانییەكی كوردیی پێشكەشكرد كە تێیدا دەڵێت: "من مناڵ كورد فارسی نییەزانم، وەزوانێ كوردیی قەزات وەگیانم".

ھەر ئەو كات ژمارەیە‌ك لەماڵپەڕ و ئاژانسە هەواڵییەكانی ئێران هێرشیان كردە سەر ئەو هونەرمەندە و بە گوتەی ئەوان ئەو گۆرانییە هەستی نەتەوایەتیی خەڵكی جوڵاندووە و باسی لە جیابوونەوە كردووە، بۆیە خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان كەمپەینێكی بەرفراوانیان بۆ پاڵپشتی لەو ھونەرمەندە رێكخست.

بە گوتەی سەرچاوە ناوخۆییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، خەڵكی کرماشان گڵەییان لە بزوتنەوەی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و دەڵێن: "سیاسییەکان پرسە نەتەوەییەکانی کرماشان دەخەنە پەراوێزی شیعە بوونیان و هەربۆیەش تاکوو ئێستا ‌حزبە سیاسییەکان نەیانتوانیوە متمانەیەکی گشتیی لەو پارێزگایە كە 2 ملیۆن دانیشتووی ھەیە بەدەست بهێنن".

سەرچاوە ناوخۆییەكانی كوردستان دەشڵێن: "ئێستاش كورد بوون لە پارێزگای كرماشان لە پێشەوەی مەزهەب دایە و لەکاتی ئاسایی بە کەمپەین و لە کاتی هەڵبژاردندا بە بەرنامەی کاندیدەکان داخوازییەکانیان دێننە بەرباس و ئێستاش لە هۆڵی بوونەکان و دانیشتنە تایبەتەکانیان هەر دەڵێن خۆم کرماشانی فارسی نازانم".

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی