لیستی ریفۆرمخوازان لە لایەن "بەریتانیاوە" دیاریكراوە

كەیھان: كەسانێك لە ئێران توانیویانە دەسەڵات بەدەستەوە بگرن كە تانانەت تا سنووری نیشتمان فرۆشتن رۆیشتوون

K24 – ھەولێر:

زۆربەی رۆژنامەكانی سەر بە میانەڕەوەكانی ئێران تیشكیان خستووەتەسەر گوتەكانی حەسەن خومەینیی، نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران كە وێڕای رەتكرانەوەی لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانە، داوای لە خەڵكی ئێران كردووە دەنگ بدەن، رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگارەكانیش گوتەكانی ئەحمەد خاتەمیی، ئەندامی سەرۆكایەتیی شورای نیگەھبانیان گۆاستووەتەوە كە گۆایە باڵوێزی بەریتانیا داوای چاوپێكەوتنی لێ كردووە و ئەو رەتیكردووەتەوە.

دوای راگەیاندنی دوا لیستی ھەر دوو باڵی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان، لە كاتێكدا كە پارێزگارەكان نەیانتوانیوە لەسەر لێستێك رێكبكەون و بڕیارە بە چەندین لیست بەشداریی لە ھەڵبژاردندا بكەن، بەڵام ھێرش و تۆمەتەكانیان بۆ سەر ریفۆرمخوازان ھەر بەردەوامە و بە لیستی بەریتانیایان ناو دەبەن.

"شورای نیگەھبان تەنیا روخساری شیاوبوون دەبینێت"

سەرنووسەری رۆژنامەی كەیھان حوسێن شەریعەتمەداریی لە باسی رۆژی ئەو رۆژنامەیەدا نووسیوێتی: "دەپرسن كاتێك شیاوبوونی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە دەست شورای نیگەھبان دایە، ئایا پێویست بە نیگەرانیی ھەیە؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێین شورای نیگەھبان تەنیا رووخساری شیاوبوونەكان دەبێنێت و لە قبووڵكردنی كاندیدەكاندا ھەوڵدەدات دەستی سووك بكات و بە لانیكەمی ھەبوونی پێوەرەكان لە كاندیدەكاندا رازی بێت".

سەرنووسەری رۆژنامەی كەیھان دەڵێت: " لە ماوەی ئەو سی و چەند ساڵەی كە بەسەر تەمەنی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێپەریوە، بێنیومانە چ ھێندێك لەو كەسانی توانیوایانە پۆستی سەرۆك كۆماری لە ئێران بگرنە دەست و چ ئەوانەش كە توانیویانە نوێنەرایەتیی خەڵك لە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی بەدەست بێنن، تا سنووری نیشتمان فرۆشتن رۆیشتوون و تەنانەت بوونەتە دارودەستی وڵاتانی زلھێز و كاریان كردووە بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نموونە ئەبولحەسەن بەنی سەدر (یەكەمین سەرۆك كۆماری ئێران) و میرحوسێن موسەویی (پێنجەمین و دوا سەرۆك وەزیرانی ئێران و ھەروەھا كاندیدی سەرۆك كۆماریی بۆ خوولی دەیەمیش بووە) و زۆربەی نوێنەرەكانی كابینەی شەشەمی شورای كۆماری ئیسلامییش".

"سەرچاوەی رق نائۆمێدییە"

محەممەد سادق لە وتاری سەرەكیی رۆژنامەی ئێراندا (سەر بە ریفۆرمخوازان) نووسیوێتی: "رقی مرۆڤ لە نائۆمێدبوونییەوە سەرچاوە دەگرێت. كەسانێك ھەن كە دەیانەوێت لە گۆڕەپانی كێبەركێدا براوە بێت، بۆیە ھەموو بیر و ھۆشی خۆیان بۆ سەركەوتن ئامادە دەكەن، بەڵام لە رەوتی كێبەركێیەكەدا بۆیان دەردەكەوێت ركابەرەكانیان لە خۆیان بەھێزترن و ئەو كاتەیە كە تورەبوونی ماڵوێرانكەر دایاندەگرێت".

بە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە ریفۆرمخوازە، گرووپی تووندڕەو كاتێك دەبین ئاواتەكانیان بووەتە بڵقی سەر ئاو ئەو كات رق و قین دایاندەگرێت و ھەوڵ دەدەن بە خراپترین شێوە رووبەڕووی ركابەرەكانیان ببنەوە و تۆمەتی نارەوایان لێبدەن".

مەھدی نیاكی لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكاردا نووسیوێتی: "ریفورمخواز و میانەڕەوەكان سەرەڕای ئەو ھەموو تانە و تۆمەتە ناڕەوایان لێیاندەدرێت، ھەوڵدەدەن كەشی ھەڵبژاردن بكەنە كەشێكی ئارام بۆ ئاشتیی نەتەوایەتی و نەبنە ھۆی سەرھەڵدانی ئاژاوە و ناكۆكیی لە وڵاتدا".

ئامادەكردنی: لەیلا قادریی