دەروازە فەرمییەكانی سنە بۆ 3 رۆژ دادەخرێن

بەڕێوەبەری گومرکی حاجی ئۆمەران: ئاگاداری ئەم بڕیارە نین

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ناوەندی ھەڵبژاردن لە پارێزگای سنە، عەلیرەزا ئاشناگەر رایگەیاند، دەروازە فەرمییەكانی پارێزگای سنە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 3 رۆژ دادەخرێن، ھاوكات مەسعوود تێلی، بەڕێوەبەری گۆمەڵگەی گومرکی حاجی ئۆمەران رایگەیاند ئێران ھەرێمی كوردستانی لەو بڕیارە ئاگادار نەكردووەتەوە.

عەلیرەزا ئاشناگەر گوتی: "بەھۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ئێران دەروازەکانی پارێزگای سنە لە رۆژانی پێنجشەممە، ھەینیی و شەممەی داھاتوودا دادەخرێن".

ئاشناگەر گوتیشی: "بڕیارمانداوە لە پێناو دابینكردنی ئەمنییەتی زیاتر و باشتر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بۆ ماوەی 3 رۆژ دەروازە فەرمییەكانی ئەو پارێزگایە دادەخەین و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم گۆمركەكان و كۆمپانیاكانی ھاتووچۆی ھاوبەشی تایبەت بەو دەروازانە ئاگادار كراونەتەوە".

سەبارەت بەم بڕیارە، مەسعوود تێلی، بەڕێوەبەری گۆمەڵگەی گومرکی حاجی ئۆمەران بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "تا ئێستا بە فەرمیی لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە كە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕوسەی ھەڵبژاردن لە ئێران دەروازە ھاوبەشەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دادەخات". 

بڕیارە رۆژی ھەینیی 26ی ئەم مانگە ھەر دوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران بەرێوەبچێت.

پارێزگای سنە 230 كیلۆمەتر سنووری ھاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ھەیە.

ئا: لەیلا قادریی