فراكسیۆنی زەرد راپۆرتێك دەدەنە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان

"لە هەموو سێكتەرەكان دەکۆڵینەوە"

K24 - ھەولێر:

ئەندامێكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، راپۆرتێك لە بارەی بڕیاری چاكسازییەوە ئامادە دەكەن و دەیدەن بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) ئامینە زكریی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "وەك فراكسیۆنی پارتیی بڕیارماندا راپۆرتێك لە بارەی بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی بۆ چاكسازیی ئامادە دەكەین و دوای تەواوبوونی دەیدەین بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان".

ئامینە زکریی روونیكردەوە: "بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكمان پێكھێناوە، لە راپۆرتەكەدا كار لەسەر ھەموو سێكتەرەكان دەكەین و دیراسەیان دەكەین، وەك كاری پەرلەمانیی دەمانەوێت لەو راپۆرتەدا كۆمەڵێك وردەكاریی بخەینەڕوو، بێگومان ئەوەی دەیكەین لە پێناو بەرژەندیی ھاووڵاتییانە".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتیی گوتیشی: "ئێستا تەنھا بڕیارمانداوە لە داھاتوودا بەردەوام كار لەسەر راپۆرتەكە دەكەین و ھەولدەدەین دیراسەیەكی ورد لە ھەموو بوارەكان بكەین".

لە 10ی ئەم مانگەدا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی چاكسازیی بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیارەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.