یونیسێف: چڕی دانیشتووانی ئێستای ڕەفەح دوو هێندەی نیویۆرکە

شاری ڕەفەح
شاری ڕەفەح

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی یونیسێف هۆشداری دەدات لەوەی گەمارۆدانی شاری ڕەفەح لەلایەن سوپای ئیسرائیل مەترسیی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێدەکرێت و ژیانی زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە ژێر هەڕەشەدایە.

یونیسێف ڕایگەیاندووە، بەهۆی توندتربوونی شەڕو پێکدادانەکان و ئاوارەبوونی دانیشتووانی غەززە، ئێستا نزیکەی 1.2 ملیۆن ئاوارە لە ڕەفەح کۆبوونەوەتەوە لە کاتێکدا پێشتر کۆی دانیشتووانی شارەکە تەنیا 250 هەزار کەس بووە، بەمەش چڕی دانیشتووانی شارەکە دوو هێندەی چڕی دانیشتووانی نیویۆرکی ئەمەریکای لێ هاتووە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، ئێستا لە ڕەفەح چڕی دانیشتووان بۆ هەر یەک کیلۆمەتری چوارگۆشە 20 هەزار کەسە، بەڵام لە نیویۆرک چڕی دانیشتووانی هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشە 11 هەزار 300 کەسە.

هەروەها هۆشداری لە خراپی دۆخی مرۆیی ئاوارەکان و دانیشتووانی شاری ڕەفەح داوە و ڕایگەیاندووە، برسێتیی و خراپیی کەرتی تەندروستی تەنگی بەو خەڵکە هەڵچنیوە و منداڵانیش زۆرترین مەترسیی و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی قەیرانی خۆراک، نەبوونی ئاوی پاک و پێداویستییە تەندروستییەکان و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی.

بە گوێرەی دوایین ئاماری کەرتی تەندروستی غەززە، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکوو ئێستا 34 هەزار و 844 کەس فەڵەستینی کوژراون لە نێویادا 14 هەزاریان منداڵن. هەروەها کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە 78 هەزارو 404 کەس.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی یونیسێف، ژیانی 78 هەزار منداڵی ساوا کە تەمەنیان لە دوو ساڵان کەمترە، لەگەڵ 65 هەزار منداڵی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت لە مەترسیدایە.

هەروەها نزیکەی هەشت منداڵی ژێر دوو ساڵان تووشی بەدخۆراکی بوون و 175 هەزار منداڵی دیکەی تەمەن 5 بۆ 10 ساڵان تووشی زیاتر لە نەخۆشییەک بوون.

زیاتر لە 24 کاتژمێرە سوپای ئیسرائیل دەروازەی ڕەفەحی لە باشووری کەرتی غەززە کۆنترۆڵ کردووە و بە تەواوی گەمارۆی شاری ڕەفەحی داوە کە دوا پەناگەی خەڵکی مەدەنی کەرتی غەززە و ئەگەر هەیە لە ساتێک بێت سوپاکە هێرشی ناو شارەکە بکات و بەمەش مەترسی ڕوودانی گەورەترین کارەساتی مرۆیی دەکرێت.