كوردانی پارێزگای كرماشان داخۆزیی نەتەوەییان ھەیە

ناسر رەزازیی: رۆژھەڵاتی كوردستان لە ھەموو روویەكەوە بندەستە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

دانیشتوانی پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان جگە لە داخوازی ئابووریی و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاریی، داواكاری كولتووریی و نەتەوەییشیان ھەیە.

ناسر رەزازیی، ھونەرمەند و گۆرانیبێژ بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "نوێنەرە كوردەكان لە ناو سیستمی سیاسیی ئێراندا ناتوانن كاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەرەپێدانی كەلتوور و شوناسیی كوردانی رۆژھەڵات بە گشتیی و پارێزگای كرماشان بە تایبەتی دابنێن".

بە گوتەی رەزازیی، رۆژھەڵاتی كوردستان لە ھەموو روویەكەوە "بندەستە" و كۆماری ئیسلامیی ئێران رێگە بە نوخبە سیاسییە نیشتمان پەروەرەكان نادات بێنە پێشەوە و لە ھەڵبژاردندا بەشداریی بكەن.

ھەر لەو بارەیەوە ناسر رەزازیی گوتی: "لە كرماشان و ھەموو رۆژھەڵاتی كوردستان ئەو كاندیدانە ماونەتەوە كە سەر بە رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن".

ژمارەی دانیشتوانی كرماشان زیاتر لە 2 ملیۆن 500 ھەزار كەسە كە زۆربەیان بە نەتەوە كوردن و زۆربەشیان بە مەزھەب شیعەن و لە ھەموو ھەڵبژاردنێكدا كۆمەلێك داخوازیی مەدەنیی و كولتووریی و نەتەوەییان ھەبووە.

سەعد قازیی، ماموستای زانكۆ پێیوایە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگترین شوێنە بۆ ئەوەی نوێنەرەكان بتوانن تێیدا داخوازییەكانی كورد بە یاسایی بكەن.

سەعد قازیی لەوبارەیەوە گوتی: "نوێنەر دەتوانێ بە تێگەیشتن و پێداگریی و لێزانیی خۆیەوە داواكارییەكانی خۆی بێنێتە پێش".

قازی گوتیشی: "خەڵكی كرماشان دەبێ دەنگ بە كاندیدە دیار و باشەكان بدەن، بۆ ئەوەی لانیكەمی داخوازییە كولتووریی و نەتەوەییەكانیان جێبەجێ بكرێت".

لە نێوان ئەو دوو بۆچوونەدا مستەفا باقریی، چالاكوانیی مەدەنیی شاری كرماشان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "ئەگەر ھەر كاندیدێك بتوانێ بەڵێنی كرداریی بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكەیان بدات، ئەو كات دەتوانێ سەرنجی دەنگدەران بۆ لای خۆی رابكێشێت".

مستەفا باقری پێیوایە، پرسە نەتەوەییەكان و لە سەرووی ھەموویان خوێندن بە زمانی دایك داواكارییەكی دیكەی دەنگدەرانی پارێزگای كرماشانە.

ئەو چالاكوانە ئەوەشی خستەڕوو: "لە ئێستادا ریفۆرمخوازەكان زۆرتر ھەوڵ بۆ داواكارییەكانی خەڵكی كرماشان دەدەن و ئەگەری زۆریشی ھەیە، كە زۆرینەی دەنگەكانی كرماشان بۆ ریفۆرمخوازەكان بێت".