پێشنیاز دەکرێ بە قەرز رێگەی هەولێر-دهۆک بکرێ بە ئۆتۆبان

"زیاتر لە حەوت سەد رووداوی ھاتووچۆ لەو رێگایە روویداوە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/34146fa9-96e6-47bd-a248-fd6e5550ce7f/1.ism/manifest

K24 - دھۆك:

رێگای سەرەكیی نێوان ھەولێر- دھۆك كە چەندین ساڵە بەھۆی خراپیی شەقامەكەوە رۆژانە رووداوی ھاتووچۆی لێ روودەدەن و بەھۆیەوە چەندین ھاوڵاتیی گیانیان لە دەستداوە، ئێستا كۆمپانیایەكی ئەوروپیی داوای كردووە بە قەرز بۆ ماوەی 15 ساڵ ئەو رێگایە بەشێوازی ئۆتۆبان دروستبكات، بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی ئەو كۆمپانیایەی نەداوەتەوە.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) دکتۆر حەکیم موختار، خاوەن بیرۆكەی پڕۆژەكە گوتی: "یەكێك لە كۆمپانیا ئەوروپییەكان ئامادەییان دەربڕیوە، كە بە قەرز ملیارێک دۆلار لە "سویس بانك" پەیدا بكەن، بۆ دانەوەی ئەو قەرزەش حكوومەت دەتوانێ دوای پازدە ساڵ پارەكە بداتەوە یان دەتوانێ بە پتڕۆل یان غاز بیداتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بۆ ئەوەی پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت لە ئێستا كە قەیرانی داراییە دەتوانرێت پارەیەكی كەم لەو شوفێرانە وەربگرن كە رۆژانە بەو رێگایەدا ھاتووچۆ دەكەن".

لە بارەی خراپیی رێگاكە و زۆریی رووداوەكان لەو رێگایەدا ئازاد تەها، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی دهۆک ئەوەی خستەڕوو: "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 730 رووداوی ھاتووچۆ لە رێگای ھەولێر-دھۆك، روویانداوە كە بەو ھۆیەوە 208 ھاوڵاتیی گیانیان لە دەستداوە و ھەزار و 329 دیكەش برینداربوونە".

رێگای ھەولێر- دھۆك، كە لە نێو ھاوڵاتیان بە رێگای "كەلەك" ناو دەبرێت، ھەرچەندە دوو پارێزگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام تا ئێستا نەكراوە بە دووساید، ساڵانە ژمارەیەك لە شوفێر و ھاوڵاتیان بەھۆی رووداوی ھاتووچۆ لەو رێگایە گیان لە دەستدەدەن.

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا