"عەبادیی و قاسم سولەیمانیی ناكۆكن"

حەیدەر عەبادی: عێراق "قبووڵی" ناكات كەسانێك خۆیان وادەربخەن كە گوایا لە بڕی عێراق كار دەكەن

K24 – ھەولێر:

بە گوێرەی راپۆرتێكی تایبەتی ئاژانسی رۆیتەرز، حەیدەر عەبادیی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەستێوەردانەكانی ئێران و بە تایبەت قاسم سولەیمانیی، فەرماندەی ھێزی قودسیی سوپای پاسداران لە عێراق نارازییە.

بە گوتەی ئاژانسەکە ناكۆكیی عەبادیی لەگەڵ قاسم سولەیمانیی لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە سەریھەڵداوە، كاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق بە قاسم سولەیمانیی گوت: "لە ھەڵمەتی رزگاركردنی رومادیدا تەنیا سوپای عێراق بەشدار دەبێت".

ئەمە لە كاتێكدایە، لە ھەڵمەتەكەی پێشتر كە ھێرشكرایە سەر داعش ھێزە چەكداركانی شیعەی عێراق كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات رۆڵی سەرەكییان ھەبوو.

ھەروەھا دەگوترێت ئەو دژایەتییەی عەبادیی لەگەڵ ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لەبەر ئەوە بووە عەبادیی ویستوویەتی خۆی فەرماندەیی ھەڵمەتی رزگاركردنی رومادیی بكات بەبێ ئەوەی ئێران و ھیچ گرووپێكی عێراقیی كە ئێران پاڵپشتیان دەكات لەو ھەڵمەتەدا بەشدار بن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر بەڵێنی دابوو، كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی ئەو ناكۆكییە ئایینیی و نەتەوەییانەی لە سەردەمی نووری مالكیی سەریان ھەڵداوە.

بە گوتەی بەرپرسێكی حكوومەت و دوو دیپڵوماتكاری عێراقیی، حەیدەر عەبادیی لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆكەی قاسم سولەیمانیی و دابەزینی لە ھۆڵی كەسایەتییەكان لە بەغدا دژایەتی كردووە.

بەرلە ھەڵمەتی رزگاركردنی رومادیی بەشداریی قاسم سولەیمانیی لە ھەڵمەتی رزگاركردنی تكریت لە بندەستی داعش ھەرایەكی زۆری لێكەوتەوە، بەڵام پێدەچێت لە شەش مانگی رابردوودا قاسم سولەیمانیی لە عێراق باوی نەمابێت.

پێشتر بەردەوام وێنە و ڤیدیۆی قاسم سولەیمانیی لە بەرەكانی شەڕی حكوومەتی عێراق لەگەڵ داعش بڵاو دەكرایەوە، بەڵام ھەواڵەكانی تایبەت بە بوونی قاسم سولەیمانیی زۆر كەمتر بوونە.

بە گوتەی سەرچاوەیەك ناكۆكییەكانی قاسم سولەیمانیی و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مانگی 8ی ساڵی 2015 وە پەرەی ساندووە كاتێك ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئەمنیی عیراقدا بەشداریی كرد و بە شێوەیەك ھەڵسووكەوتی كرد وەك بڵێی عێراق وڵاتێكی ژێر دەسەڵاتی ئێرانە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ھەڵسوكەوتی قاسم سولەیمانیی بووەتە ھۆی ئەوەی عەبادیی بوونی قاسم سولەیمانیی لەو كۆبوونەوەیە بخاتە ژێر پرسیارەوە و سولەیمانیش ھۆڵی كۆبوونەوەكە جێبھێڵێت.

بەرپرسێكی حكوومی عێراق بە رۆیتەرزی گوتووە، حەیدەر عەبادیی و قاسم سولەیمانیی دەمەقاڵەیان نەدەبوو، بەڵام "پەیوەندییەكەیان تەنیا كاریی بوو، واتا پەیوەندییەكەی گەرموگۆریان نەبوو".

بەھاری ساڵی 2015 عەبادیی رایگەیاند: "پێشوازیی لە یارمەتییەكانی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكەین، بەڵام جەختی كردەوە كە ئەو یارمەتییانەی ئێران نابێ ببنە ھۆی بەزاندنی سەروەریی عێراق".

ھەر ئەو كات عەبادیی نارەزایەتی خۆی لە ئامادەبوونی قاسم سولەیمانیی دەربڕی و گوتی: "عێراق قبووڵی ناكات كەسانێك خۆیان وادەربخەن كە گوایا لەجیاتی عێراق كار دەكەن".

وەرگێڕان: لەیلا قادریی