بە ڤیدیۆ.. دیبەیتی كاندیدەكان لە ئیلام شەڕی دەستەویەخەی لێكەوتەوە

شەڕی ئەو دوو كاندیدە لەسەر مافی ژنان بووە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6f2a3c69-8d0c-48c7-8ee1-9ab77cee78b9/iran.ism/manifest

K24- ھەولێر:

لە دیبەیتێکی ھەڵبژاردندا لە پارێزگای ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان كە لە لایەن زانكۆی ئازادیی ئەو شارەوە بۆ ھەر 6 كاندیدەكەی ئەو پارێزگایە ریكخرابوو، شەڕی دەستەویەخەی كاندیدەكانی لێكەوتەوە.

ئەوە یەكەم دیبەیت بوو لە پارێزگای ئیلام كە ھەر 6 كاندیدەكەی ئەو پارێزگایەی بۆ ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران تێدا بەشدار بێت، ھاوكات ژمارەی زۆری لایەنگرانی كاندیدەكان بە شێوەیەك بوو كە ھۆڵی دانیشتنەكەدا شوێنی دانیشتنی بۆ ھەموان نەبووە.

لە سەرەتای دیبەیتەكەدا كاندیدەكان باسیان لە بەرنامە و پرۆژەكانی خۆیان كرد، بەڵام دواتر یەكێك لە كاندیدەكان باسی لە مافی ژنان لە خێزان و كۆمەڵگەدا کرد و بۆ پشتیوانیی لە مافی ژنان ھەندێك بەڵگەی خستەڕوو، گوتەكانی ئەو كاندیدە لەگەڵ دژكردەوەی كاندیدێكی دیكە بەرەوڕوو بووەوە.

ئەو باسە سەرەتا دەمەقاڵەی دوو كاندیدەكەی لێکەوتەوە، بەڵام دواتر كە تەشەنەی کرد نێو لایەنگرانی ئەو دوو كاندیدە، كورسییەكانی ھۆڵەكەیان بەسەروچاوی یەكتردا دا.

ھەرچەندە ھێزە ئەمنییەكان ھەوڵی ھێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان دا، بەڵام شەڕەكە پەرەی سەند و چەندین برینداری لێکەوتەوە.

ھێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خەڵكەكە گازی فرمێسك رژێنەر بەكارهێنا، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ھۆڵی دیبەیتەكە داخراو بوو، ئامادەبوان كێشەی ھەناسەكێشانیان بۆ دروست بوو.

بڕیارە رۆژی ھەینیی ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران بەرێوەبچێت.

وەرگێڕان: لەیلا قادریی