كەجەكە: تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت ھیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە
K24 - ھەولێر:
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت ھیچ پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە.
دەمھات عەگید، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) بە میدیاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)ی راگەیاند: "تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستان، لە رحا (ئورفە) هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە، هێزەکانمان شتێکی لەو شێوەیەیان نەکردووە، نازانین کێ ئەوەیكردووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رێککەوتنی نەوت و گازی سروشتیی پەیوەندیی بە بەژرەوەندیی نەتەوەییەوە هەیە و ئەگەر ئەو پەیوەندییە خزمەت بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکات، ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە، دۆخێکی وەها نییە کە ئێمە قوتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ببڕین".
دەمھات عەگید راشیگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، بەھۆی تەقینەوەی بۆڕیی نەوت كێشەی داراییمان بۆ دروستبووە، باشە بۆچی پێش ئەوەی ئەم بۆڕییە بتەقێتەوە مووچەی فەرمانبەرانتان نەدەدا؟".
باسی لەوەش كرد: "ئەگەر رێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا زیان بە كوردانی باكوور نەگەیەنێت و ئەم نەوتە بۆ بژێوی ھاووڵاتیانی باشووری كوردستان بێت، خۆمان ناخەینە ناو ھەڵەوە".
دەشڵێت: "ئێمە دەزانین كە پارەی نەوت نادرێتە ھاووڵاتیان و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریدەھێنن، بۆیە ئێمە لە دژی ئەو كارەین".
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە گوتی: "لە باكووری كوردستاندا شەڕ ھەیە، كەچی تا ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ ھەڵوێستێكی نەبووە، لەكاتێكدا پێویست بوو ھەڵوێستی ھەبێت".
داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا