سكۆتلاند و به‌ریتانیا هه‌مان گرفتی هه‌ولێر و به‌غدایان هه‌یه‌

سكۆتلاندا پێچه‌وانه‌ی به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بمێنێته‌وه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/74abb5df-7962-4b3f-89e4-c6f82bd39872/UK%20hezi%20zyatr%20bo%20Skotland.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

سكۆتلاندییەكان باوەڕ بە بەڵێنەكانی حكوومەتی ناوەندی بەریتانیا ناكەن، كێشەكانی نێوان سكۆتلاندا و بەریتانیاش ھاوشێوەی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراقن.

حكوومەتی بەریتانیا دوای 2 ساڵ، قایل بوو قسە لەسەر داواكارییەكانی پارتە سكۆتلاندییەكان بكات و ئەو بەڵێنانە جێبەجێبكات كە بەخەڵكی سكۆتلاندایان دابوو لە كاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلاند لە ئەیلوولی ساڵی 2014، بەڵام خەڵكی سكۆتلاند ئەمە بە ھەوڵێك دەزانن بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ ریفراندۆمی مانەوە لە یەكێتی ئەوروپا.

حكوومەتی بەریتانیا و حكوومەتی خۆجێیی گەشەكردووی سكۆتلاند، دواجار گەیشتنە رێككەوتنێك لەسەر پێدانی دەسەلاتی زیاتر بە سكۆتلاند.

لە رێككەوتنەكەدا ھاتووە: "بڕی داھاتی سكۆتلاند زیاتر بكرێت و حكوومەتی خۆجێیی دەسەڵاتی زیاتری بەسەر بڕیارەكانیدا ھەبێت".

ئەو بەڵێنانەی كە ماونەتەوە بریتین لە بەڵێنی چاكسازی تەندروستی گشتی، پۆلیس، خانەنشینی، بڕیاری سیاسی سەربەخۆ لە بابەتە چارەنوسسازەكان، باج و ھێزی زیاترو كۆنتڕۆڵی داھاتی گشتی.

ئەم داواكاریانەی سكۆتلاند، زیاتر لەو دەسەڵاتانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەچن، سەرەڕای ئەوەی سكۆتلاند بە وڵات دێتە ھەژماردن.

ئەم رێككەوتنە وەك ھێنانەدی بەڵێنەكانی كاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلاندە كە حكوومەتی وێستمینیستەر بە خەڵكی سكۆتلاندای دا، بە تایبەت لەو كاتەی ئاماژەكان جەختیان لە بەرزبوونەوەی لایه‌نگرانی دەنگی سەربەخۆییخوازان دەكردەوە و بەڵێنەكان بە خاڵی گۆڕانی دەرەنجامەكانی ریفراندۆمەكە دێنە ھەژمار.

لە ئەیلوولی 2014 سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا،  دێیڤید كامیرۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، بەڵێنی زۆری بە پەرلەمان و خەڵكی سكۆتلاند دا، وەك دەسەڵاتی ئابووری، داھات، بڕیاری سیاسی، كارگێری و حكوومی.

وەزارەتی دارایی بەریتانیاش باسی لە بڕی 3 ملیار پاوەند كرد وەك دەستپێك بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سكۆتلاند و پەرلەمانی سكۆتلاندیش پێشوازی لەم بریارە كرد، بەڵام زۆر بە گرنگی لەقەڵەم نەدا.

ئەم رێككەوتنەش لە كاتێكدایە كە سكۆتلاند ھەڵبژاردنی خۆجێیی لە 5 حوزەیران ئەنجام، دەدات و كەمێك بەر لە ریفراندۆمی شانشینی یەكگرتوو بۆ مانەوە و نەمانەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا.

حكوومەتی وێست مینیستەر لەوە دەترسێت، ئەگەر وەك ھەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا، پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند، زۆربەی دەنگەكانی سكۆتلاندیش بباتەوە، ئەوا دوور نییە پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند ھەوڵی ریفراندۆمی دووەم بدات.

نارەزاییەكی زۆر لە شەقامی سكۆتلاندی لە دژی حكوومەتی ناوەندی بەریتانیا دروست بووە و بەڵێنەكان بەو بڕیارەشەوە، جێبەجێ نەكراوون و زۆربەی سكۆتلاندییەكان باوەریان بە حكوومەتی ناوەندی نەماوە، ھەرچەندە كە سكۆتلەندییەكان ئەوڕوپیخوازن و دەیانەوێست ببنە بەشێك لە یه‌كێتی ئەوروپا.