ره‌وتى پارێزگاران رەخنە لە حكوومەتی حەسەن رۆحانی دەگرن

ریفۆرمخوازەكان دەڵێن پەرلەمانێكی جیاواز لە ئێران دروست دەكەین
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

سبەی ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان و  ئه‌نجوومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى ئێران بەرێوە دەچێت، ئەمڕۆش لە كوردستان 24ەوە رووماڵێكی تایبەتمان لەسەر تایبەتمەندیەكانی ھەڵبژاردن لە ئێران دەبێت و روانگە جیاوازەكان لەسەر ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئێران دەخەینە بەر باس.

دوو لایەنی سەرەكی ھەڵبژاردنەكانی ئێران دوا بانگەشەكانی خۆیان كردووە، ریفۆرمخوازەكان ئەگەرچی كاندیدی كەمیان بۆ ماوەتەوە، بەڵام دەڵێن پەرلەمانێكی جیاواز دروستدەكەین، ھاوكات پارێزگارانيش دەڵێن زۆرینەی پەرلەمان ھەر بۆ ئەوانە و رەخنەش لەحكه‌ومەتی حەسەن رۆحانی دەگرن.

لایەنە سیاسییەکانی ئێران دوا بەڵێنەکانیان بە خەڵکی ئێران دا ، بۆ ئەوەی ئاراستەی دەنگی دەنگدەران بەرەو خۆیان بگۆڕن، لەدوو کەمپەینی سەرەکی هەڵبژاردنەکان هەردوولا هەموو هەوڵێکیان دا، بۆ ئەوەی یەکیان بەوتەی خۆیان بۆ سەردەمی زێرین بگەرێنەوە،و لەولاش مەترسی لادان و دەرچوون لە سیستەمی سیاسی کەم بکەنەوە. بەڵام هەردوولا ئاراستەی بەڵێنەکەنیان هەر بەرەو باشکردنی گوزەرانی خەڵک بووە.

ئاماره‌كان

ژمارەی دانیشتووانی ئێران   77,450,000

ژمارەی دەنگدەران            56.915.026

ژمارەی كاندیدەكان            5.550

ژمارەی سندووقەكان         120.000

بەرگەی دەنگدان           120.000.000

لەھەڵبژاردنەكانی ئێستادا وەكوو دوو خوولی پێشووتری ھەڵبژاردنەكان دوو لایەنی سیاسیی ئوسوڵگەراو ریفۆرمخواز جارێكیتر بەرامبەر یەكتر وەستاونەتەوە، ئەگەرچی زۆرینەی بەربژێرەكانی ریفۆرمخوازان شیاویان قبووڵ نەكراوە، بەڵام بانگەشەكانیان گەرمن. لەولاش ئوسوڵگەراكان ژمارەیەكی زۆری بەربژێرەكانیان قبووڵ كراون، و بە ھەگبەیەكی پڕەوە خەریكی بانگەشەن، دەگوترێت دەسەڵاتی سیاسیی و راگەیاندنەكانیش لەگەڵ ئەوان (ئوسولگەراكان ئەوانەن كە دەگوترێ لە ربێبەری ئێران عەلی خامنەیی نزیكن).

به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد

ھاوكات ئەمجارە لایەنە سەربەخۆكانی دیكەو لەسەرووی ھەموویان كوردەكان ھەن، كە دوای رەتكرانەوەی سەرجەم كاندیدەكانی بەرەی یەكگرتووی كورد لەدووڕیان دان، كە دەنگ بدەن، یان نا. و دەوترێ ئێستا كوردەكان خەریكە گرەو لەسەر ھەندێك كاندیدی جێی متمانەی سەربەخۆ دەكەن.

هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزیسیۆن

یەکێک لە رێبەرانی بەندکراوی ریفۆرمخوازانی ئێران دەڵێ: بە مەبەستی پاراستنی کۆمارییەتی سیستەم دەنگ دەدەم.

مەهدی کەڕووبی، پاڵێوراوی  دەیەمین خولی سەرۆک کۆماریی ئێران،  ساڵی  ٢٠١٠لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەرکرا.

لە دەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، میرحسێن مووسەوی و مەهدی کەڕووبی، دوو پاڵێوراوی هەڵبژاردنەکە رایانگەیاند: دەنگەکانیان بە سوودی مەحموود ئەحمەدی‌نەژاد دزراوە. ئەمەش سەرهەڵدانی دەنگدەرانی لێکەوتەوە و دوای کوشتن و دەستگیرکردنی بەشداربووان، سەرهەڵدانە کۆتایی پێهات و تا ئێستا موسەوی و کەڕووبی وەک دوو رێبەری ریفۆرمخوازان لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەرن.

 محەمەد تەقی کەڕووبی، کوڕی مەهدیی کەڕووبی لە زمان دایکییەوە ئەم هەواڵەی لە سەر دیواری فەیسبووکی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

گرفتی ده‌نگدان

وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، رێگا نادەین دەنگدەران لە شار و گوندەکانەوە بۆ تاران بگوازرێنەوە.

عەبدوڕەزا رەحمانی فەزڵی،  لە وەڵامی ئەو دەنگۆیەدا کە پارێزگاره‌كان بەتەمان رۆژی دەنگدان یەک ملیۆن هاووڵاتی لە شاروگوندەکانەوە بۆ تاران بگوازنەوە، ئەم لێدوانەی دا.

رەحمانی فەزڵی گوتی: وەک بیستوومانە بەتەمان ئەم هەموو دەنگدەرە بە پاس بۆ تاران بگوازنەوە کە ئەمەش کارێکی ئەستەمە، بەڵام ئەگەر هەموو دەنگدەران لەتاران کۆ بکەنەوە، هیچ کێشەیەکمان نابێت.

رۆژێک بەرلە قسەکانی رەحمانی فەزڵی، رەسوڵ مونتەجەب‌نیا، جێگری حزبی ئیعتمادی میللی، گوتبووی بناژۆخوازان بە مەبەستی زیادکردنی دەنگی کاندیدەکانیان لە تاران، یەک ملیۆن کەس بۆ ئەم شارە دەگوازنەوە.

حزبی ئیعتمادی میللی، سەربە مەهدی کەڕووبی، یەکێک لە بەربژێرە بەندکراوەکانی سەرۆک کۆماریی سەر بە ریفۆرم خوازانە.