رێبەریی داھاتووی ئێران لە لایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە ھەڵدەبژێردرێت

رەفسەنجانیی رێبەرایەتی خامەنەئیی راگەیاند، ئەوە لە كاتێكدایە ئێستا ئەو دوو كاسایەتییە بە دژبەری یەكدی دەناسرێن

K24 – ھەولێر:

سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵییدایە و بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی پێدەچێت ئەندامانی خوولی پێنجەمی ئەو ئەنجوومەنە، رێبەریی داھاتوویی كۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریبكەن.

ئەمرۆ ھاوكات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریش لەو وڵاتە بەرێوە دەچێت، دەگوترێت ئەنجوومەنی ئەمجارەی شارەزایان، رێبەریی داھاتووی كۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری دەكات، ھەربۆیە گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت.

ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی كۆماری ئیسلامی ئێران، بە تەمەنترین و بەھێزترین دەسەڵاتی ئێرانە و كاتێك دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران خومەینی نەخۆشكەوت دەسەڵاتدارانی ئێران بیریان لە دانانی  ئەنجوومەنێك بۆ دیاریكردنی رێبەریی داھاتوویی ئێران كردەوە.

ئەو ئەنجوومەنە ساڵی 1982 لە یەكەم ھەڵبژاردنی راستەوخۆدا لە ئێران دامەزرا و یەكەم بڕیاری گرنگی ئەو ئەنجوومەنە ئەوە بوو ساڵی 1989 عەلی خامەنەئی وەكوو رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریكرد.

ئەكبەر ھاشمی رەفسەنجانیی رێبەرایەتی خامەنەئیی راگەیاند، ئەوە لە كاتێكدایە ئێستا ئەو دوو كاسایەتییە بە دژبەری یەكدی دەناسرێن.

ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لەو كەسایەتییە ئاینیانە پێكھاتووە كە فەقیھن.

ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ھەر ھەشت ساڵ جارێك لە ئێران ھەڵدەبژێرێن. بەگوێرەی دەستووری بنەڕەتی ئێران دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە سەرووی ھەر سێ دەسەڵاتەكەی دیكەیە و ئەركیشی ھەڵبژاردن و چاودێریكردنی رێبەرییە و لە كاتی پێویستدا مافی لە سەر كار لادانیی رێبەریشی ھەیە.

ئەگەرچی 5 ئەندامی سەرەكی ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان خۆیان ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریشن، بەڵام شیاوبوونی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە دیاری دەكرێت.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، ئەگەر رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شیاوبوونی كاندیدێك پەسند بكات، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان نامێنێت.

ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی 7 كۆمسیۆنی ھەیە و بە شەش مانگ جارێك كۆدەبێتەوە.

یەكەمجار ئەنجومەنی شارەزایانێ رێبەری ساڵی 1983 دامەزرا و لە یەكەم ھەنگاویشدا حوسین عەلی مونتەزری وەكوو جێگری رێبەر دیاریكرد و دواتریش لە 1989 ئایەتوڵڵا خامەنەئی وەكوو رێبەر دیاریكرد.

راپۆرت: ژیوار رەسووڵیی

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی