رۆژنامەیەكی نزیك لە ریفۆرمخوازان: مافی ئێمە نەبوو

ریفۆرمخوازان لە نووسینەكانیاندا موژدەی سەركەوتنیان دەدەن

K24 – ھەولێر:

خەڵكی ئێران دەنگیاندا و ھەرچەندە تا ئێستا ئەنجامی دەنگەكان دیار نییە، بەڵام ئەوەی روونە و بە وتاری رۆژنامەكانی پارێزگارانی ئێرانەوە دیارە، ئەنجامی دەنگەكان ھیچ گۆڕانێك لە ھەڵوێستی ئەواندا بەدیناھێنێت و بە نیازان ھەروا رەخنە لە كابینەكەی حەسەن رووحانی بگرن، بەڵام پێدەچێت ریفۆرمخوازان ھیوایان بە ئەنجامیی دەنگەكان زیاتر بێت، چونكە لە نووسینەكانیاندا موژدەی سەركەوتنیان بە لایەنگرانیان داوە.

عەلیڕەزا خانی لە سەروتاری رۆژنامەی ئیتلاعاتدا نووسیوێتی: "ھەڵبژاردن مافی ئێمەیە، بەڵام مافی ئێمە نییە لە رووی گەشە و پێشكەوتنەوە پلەی ھەشتای وڵاتانی جیھانمان ھەبێت، مافی ئێمە نییە یەك لەسەر سێی خەڵكەكەمان لە ژێر ھێڵی ھەژاریدا بژێن، مافی ئێمە نییە لە گەندەڵیدا بخنكێین، مافی ئێمە نییە پایتەختی وڵاتەكەمان پیسترین شاری جیھان بێت، مافی ئێمە نییە ئاماری شێرپەنجە و جەڵتە لە وڵاتەكەمان ئەوەندە بەرز بێت، مافی ئێمە نییە ئاماری رووداوی ھاتووچۆ لە وڵاتەكەمان بەوشێوەیە بێت، مافی ئێمە نییە رێژەی بێكاریی گەنجەكانمان لەوپەڕی بەرزییدا بێت، ئەمانە ھەمووی سەرەڕای ئاماری بەرزیی لادان و كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە وڵاتەكەماندا".

"ئێمە خەڵكمان بۆ دەنگ ناوێت"

نووسەری سەروتاری رۆژنامەی جەوان (سەر بە پارێزگارن) حوسێن قدیانیی، گوتەكانی خۆی بە مانشێتێكی توانج دەستپێكردووە "لە كۆماری ئیسلامییدا ئازادی نییە" و نووسیوێتی: "ئەوەی كە كێ براوە یان كێ دۆڕاوی ھەڵبژاردنە، شتێكی لاوەكییە، لە خوولێكی ھەڵبژاردندا ھەڵدەكەوێت زۆربەی خەڵك دەنگی بەڵێ بە لایەنێك بدەن و دەنگی نەخێریش بە لایەنەكەی دیكە، ئەوەی لێرەدا گرنگە خۆڕاگریی خەڵكی ئێرانە، ئەمەیە بنەمای سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران".

نووسەر بەو شێوەیە دەدوێ: "وایدادەنێین، لە ھەر دوو ھەڵبژاردنەكەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی و ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا پارێزگاران تەنانەت تاكە دەنگێكیش بەدەستنەھێنن، نا ھەر وایدادەنێین تەنانەت پارێزگاران دەنگ بە خۆشیان نەدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەو حاڵەتەشدا ئێمە ھەر باس لە ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی خۆمان دەكەین، ئێمە خەڵكمان بۆ ئەوە ناوێت دوێنێ بێن و بە كەسانی جێی متمانەی ئێمە دەنگ بدەن دواتر بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و تا چوار ساڵی دیكە كارمان پێیان نەبێت".

بەرزتر لە سەركەوتنی لایەنێك

عەبدوڵرەسوول ویساڵ لە سەروتاری رۆژنامەی شەھروەند دا (سەر بە ریفۆرمخوازان) نووسیوێتی: "رۆژێكی وەكوو دوێنێ گرنگییەكی یەكجار زۆری لە رەوتی خەڵك سالاریی ئێراندا ھەیە، نەك لەبەر ئەوەی گرووپێك براوە و ئەوی دیكەیان دۆڕاوە، ئەو شێوە روانینە بێگومان ھەڵەیە، چونكە گرنگتر لە سەركەوتنی گرووپێك، خودی ھەڵبژاردنەكەیە و ئەوەی خەڵكی ئێران قبووڵیان كردووە كە دەتوانن لە رێگای ھەڵبژاردنەوە كێشە و جیاوازییەكان چارەسەر بكەن".

سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە دەڵێت: "ئەگەر ئێران توانیی خۆی لە قۆناغی ئەو ھەمووە گەمارۆ سەختە نێودەوڵەتییە دەرباز بكات و بە گەیشتن بە رێككەوتن پێگەی خۆی لە جیھاندا سەلماند، لەبەر ئەوە بوو دوو ساڵ و نیو بەر لە ئێستا لە ھەڵبژاردنی خوولی یازدەیەمی سەرۆك كۆماریی ئێراندا خەڵك دەنگی خۆیان خستە سندووقی دەنگدانەوە".

حەمید موتقیی لە سەروتاری رۆژنامەی فەرھیختەگانی ئێراندا نووسیوێتی: "لە خوولەكانی پێشووی ھەڵبژاردندا، دەسەڵاتدارە حكوومییەكانی ئێران كە باسی ھەڵبژاردنیان دەكرد زیاتر وەكوو ھەلێك نێویان دەھێنا، بەڵام ھەڵسوكەوتیان بەشێوەیەك بوو وەك بڵێی باوەڕیان بە گوتەكانیانی خۆیان نەبوو، پێدەچێت ئەوە بێ موتمانەییە لە خاوی ئینتەرنێت، فیلتەری ناوەندەكانی ھەواڵ، كێشەكانی تۆڕی پەیوەندیكردن بووبێت كە ھاووڵاتیان ناچار بوون بە شێوەی ناراستەوخۆ ئەو پەیامانە ببیستن.

ئیتەرنێت ھیچ كێشەیەكی بۆ درووست نەبوو

بە گووتەی ئەو نووسەرە رێك بە پێچەوانەی ئەو رەوتە، لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا، دەركەوت كە دەسەڵاتدارە حكوومییەكان (مەبەستی باڵی ریفۆرمخوازە) زیاتر لە ھەموو لایەنەكانی دیكە حەز دەكەن بیروبۆچوون و رای شەقام بزانن. ھەرچەندە دەنگۆی ئەوە ھەبوو لە ماوەی ھەڵبژاردندا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەكوو تلێگرام و ئینستەگرام فیلتەر دەكرێن، بەڵام دەركەوت كە ئیتەرنێت ھیچ كێشەیەكی بۆ درووست نەبوو، ئەوەش روونیكردەوە كابینەی یازدەیەم نەك بە گوتە بەڵكوو بە كردەوە ھەڵبژاردن بە ھەلێكی زێڕین بۆ ئێران و كۆماری ئیسلامیی دەزانێت و سەردەمی پڕوپاگەندەی ئەمنیی سەبارەت بە ھەڵبژاردن و دەنگی خەڵك لە ئێران بەسەرچووە".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی