ئێران" ئاوارە ئەفغانییەكان دەكاتە سووتەمەنی شەڕی سووریا"

"ئەو ئەفغانییانەی لە ترسی شەڕی تاڵیبان ھانایان بۆ ئێران بردووە، سوپای پاسداران بە گژ داعشیاندا دەدات"

K24 – ھەوڵێر:

رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی رایگەیاند سوپای پاسدارانی ئێران بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە حكوومەتی بەشار ئەسەد منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵی ئەفغانیی دانیشتووی ئێران بۆ بەشداریكردن لە شەڕ رەوانەی سووریا دەكات.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە سوپای ئازادی سووریا بڵاویكردووەتەوە، چوار كەسیان دەستگیر كردووە كە ناسنامەی خۆیان ئاشكرا دەكەن و دەڵێن: "ئەفغانی دانیشتووی ئێرانین و سوپای پاسداران بەمەبەستی شەڕكردن لەگەڵ نەیارانی بەشار ئەسەد رەوانەی سووریایی كردووین".
رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هيومان رايتس وۆچ) چەند مانگ بەر لە ئێستا رایگەیاند: "سوپای پاسدارانی ئێران ئەفغانییەكانی ئاوارەی ئێران بە زۆر رەوانەى سووریا دەكات بۆ ئەوەی دژی داعش و ھێزە دژبەرەكانی حكوومەتی بەشار ئەسەد شەڕ بكەن".

پیتەر بوكەرت، بەڕێوەبەری فریاكەوتن لە هيومان رايتس وۆچ  لەو راپۆرتەدا گوتی: "لە نێو ئەو پەنابەرانەی هانایان بۆ ئەوروپا بردووە ژمارەیەكی بەرچاو ئەفغانیی دەبینرێت كە بە گوتەی خۆیان دانیشتووی ئێران بوون و لە ترسی شەڕی داعش ئێرانیان جێھێشتووە".

ئەو ئەفغانییانە بە رێكخراوه‌كه‌يان گوتووە: "لە سەربازگەیەكی سەر بە بەسیجی ئێران لە نزێك تاران راھێنانیان پێكراوە".

ژمارەیەك لەو ئەفغانییانەی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ شەڕی سووریا نێردراون، گوتویانە: "لە بەرەکانی دیمەشق، حەلەب، دەیرلزوور، لازقییە و تەنانەت بەرزاییەکانی جۆلانیشدا شەڕیان له‌ دژی داعش کردووە".

ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "ئەفغانییەکان خۆبەخشانە بە ناوی تیپی (فاتمییوون) بۆ پاراستنی مەزارگەكانى شیعە دەڕۆنە سووریا".

سەبارەت بە بەشداریی سوپای پاسداران لە شەڕی سووریادا بەرپرسانی ئێران بەردەوام گوتویانە: "ئەو بەشدارییە تەنیا راوێژكارییە".

"ئێران 500 دۆلاریان پێدەدات"

ئەمە لە كاتێكدایە ساڵی رابردوو رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریکا راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا گوتی: "سوپای پاسدارانی ئێران ئەفغانییەكانی دانیشتووی ئەو وڵاتە دەنێرێت بۆ سووریا بۆ ئەوەی لە دژی نەیارانی بەشار ئەسەد شەڕ بكەن".

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسە ئەفغانیی و ئەوروپییەكانەوە نووسیبووی، ناردنی پەنابەرانی ئەفغانیی لە لایەن ئێرانەوە بۆ شەڕ لە سووریا، بەشیك بووە لە ستراتیجی ئێران بۆ بەشداریكردن لە شەڕی چەكداریی لەو وڵاتە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە، ئێران لە بەرامبەردا، 500 دۆلار دەدات بە ھەركام لەو ئەفغانییانەی كە بۆ شەڕكردن دەچنە ریزەكانی سووپای بەشار ئەسەدەوە.

وۆل ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری بەرپرسانی ئەوروپا دانیشتووی ئێران گوتی: "سوپای پاسداران لە پێناو كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازە كۆژراوەكانی لە سووریا، ئەفغانییەكانی دانیشتووی وڵاتەكەی ناچار دەكات بۆ شەڕكردن بچنە سووریا".
كارناسی كاروباری سیاسیی ئەفغانستان، وەحید موژدە بە دەنگی ئەمریكای گوتووە: "ئێران شەڕی سووریا بە شەڕی شيعە لە بەرامبەر سوننە دەزانێت، ھەر بۆیە پاڵپشتیی لە حكوومەتی بەشار ئەسەد دەكات".
بە گوتی موژدە ئەفغانییەكان لە بەرامبەر بەشداریكردنیان لە شەڕی سووریادا، لەو وڵاتەش ئیمتیازاتیان پێدەدرێت.
موژدە گوتیشی: "ئێران لە میانەی شەڕی 8 ساڵەی لەگەڵ عێراقیش ئەفغانییەكانی بە مەبەستی شەڕكردن لەگەڵ سەدام حوسێن دەناردە بەرەكانی شەڕ".
ساڵی رابردوو، ئەحمەد سەعیدیی، چاودێری سیاسیی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند: "تەرمی 13 ئەفغانیی كە لە شەڕی سووریادا كوژراون گەڕێندراونەوەوە بۆ ھیرات لە ئەفغانستان".
وۆل ستریت جورناڵ نووسیبووی: "دەفتەری ئایەتۆڵڵا موحقق كابولیی، كەسایەتی شیعە مەزھەبی دانیشتووی شاری قوم لە ئێران، ھەواڵی ناردنی ئەفغانییەكانی دانشتووی ئێرانی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سووریا پشتڕاست كردووەتەوە".

بە گوێرەی ئامارەكانی رێکخرای چاودێریی مافی مرۆڤ، نزیکەی 3 ملیۆن ئاوارەی ئەفغانی لە ئێران نیشتەجێن و لەو ژمارەیەش ئەنیا 950 هەزار کەسیان مافی پەنابەریان پێدراوە.

ئامادەكردن: لەیلا قادریی