پارێزگاران و ریفۆرمخوازان لەسەر لیستی داھاتووی ئەنجوومەنی شورا ناكۆكن

"نوێنەرەكانی ئێمەش بە حیسابی خۆیان دەنووسن"

K24 – ھەولێر:

دوای تێپەربوونی سێ رۆژ بە سەر ھەڵبژاردنە پڕ ھات و ھاوارەكەی ئێراندا رۆژنامەكانی ئەو وڵاتە وتارەكانیان تایبەت كردووە بە شیكردنەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی  و حكوومەت.

رۆژنامەی كەیھانی سەر بەپارێزگاران لە راپۆرتی سەرەكیی خۆیدا وەك رۆژانی پێشوو باڵی ریفۆرمخوازی بە "درۆزن" تۆمەتبار كردووە و نووسیوێتی: "بزووتنەوەی ریفۆرمخواز بە مانشێتی گەورە و بچووك لە چاپەمەنییەكانی خۆیاندا بەنیازن سەركەوتنی خۆیان لە تاران بكەنە پێوەر بۆ ھەموو ناوچەكانی ئێران و دەھۆڵ دەكوتن كە گوایە لە ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارازایانی رێبەریی و ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوان براوەن، بەڵام مەبەستی ریفورمخوازان لەو ستارتە، سەرپۆش دانانە لە سەر پێگەی لاوازی جەماوەریی و شكستە بەردەوامەكانیان لە دەیەی رابردوودا".

"نوێنەرەكانی ئێمەش بە حیسابی خۆیان دەنووسن"

رۆژنامەی كەیھان لە راپۆرتێكیدا بە مانشێتی 111 گەورەتر لە 153 نووسیوێتی: "لایەنگرانی رووحانیی نوێنەرانی پارێزگارانیش بە حیسابی خۆیان دەنووسن". ھەر لەو راپۆرتەدا نووسەر بۆ سەلماندنی داواكەی خۆی خشتەیەكی كێشاوە و تێیدا نووسیوێتی: "ئەو كاندیدانەی لە گەڕی یەكەمدا توانیویانە دەنگی تەواو بە دەست بێنن، زۆربەیان سەر بە پارێزگارانن، ھاوكات ئەوانەش كە كەوتوونەتە گەڕی دووەمەم 161 كاندید سەر بە پارێزگاران، 101 كاندید سەر بە ریفۆرمخوازان، 17 میانەڕەو و 57 كاندیدیشیان سەربەخۆن".  

مستەفا ئیزەدیی لە وتاری سەرەكیی رۆژنامەی شەرقی سەر بە ریفۆرمخوازان ھەر ئەو باسەی ورووژاندووە و ھەڵبژاردنی خوولی یازدەیەمی سەرۆك كۆماری بیر ھێناوەتەوە، ئەو خوولەی كە رووحانیی تێدا ھەڵبژێردرا و نووسیوێتی: "كاتێك سەركەوتنی حەسەن رووحانیی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریی راگەیەندرا، رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران خۆیان بە سەركەوتووی گۆڕەپانەكە راگەیاند، چونكە پێیانوابوو، سەرۆك كۆماری داھاتوو سەر بە باڵی ئەوانە، ئێتر ئەوان بۆ دەنگدەرانیان روون نەكردەوە باشە ئەگەر رووحانیی سەر بە پارێزگارانە بۆ دكتۆر عارف لە بەرژەوەندیی ئەو پاشەكشەی لە ھەڵبژاردنەكەدا كرد و بۆ بەرەی ریفۆرمخواز پاڵپشتیان لە رووحانیی كرد؟ ئەوان بەردەوام دەیاننووسیی رووحانیی پارێزگار سەركەوت".

نووسەر لە درێژەدا دەڵێ: "چەند رۆژ دوای ئەو رووداوە كاتێك سەرۆك كۆمار لە سەر درووشمەكانی لە بەرژەوەندیی ریفۆرمخوازان بەردەوام بوو، وردە وردە پارێزگاران پاشەكشەیانكرد و دەستیانكرد بە دژایەتی رووحانیی".

لە درێژەی وتارەكەی رۆژنامەی شەرقدا ھاتووە: "ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی كۆتایی پێھات، پارێزگاران خەریكن ھەمان سێناریۆ دووبارە دەكەنەوە، قەیناكە، بەڵام بۆ پارێزگاران ئامادە نین لە رۆژنامە و سایتەكانیاندا، پۆلێنبەندیی نوێنەرەكانیان روون بكەنەوە؟".

"نموونەی وڵاتی دیموكرات"

جەعفەر تەكبیریی لە راپۆرتی سەرەكیی رۆژنامەی جەواندا بە بێ ئەوەی ئاماژە بە گوتەكانی چەند رۆژ لەمەوبەری ئەو رۆژنامەیە بكات كە بەردەوام باسیان لە رۆڵی بەریتانیا لە ھەڵبژاردنی ئێراندا دەكرد و باڵی ریفۆرمخوازانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد لە لیستەكەیان لە لایەن ئەو وڵاتە و ئەمریكاوە  ئامادەكراوە نووسیوێتی: "ھەڵبژاردنی رۆژی ھەینیی رابردوو، ئەو پەڕی پێگەیشتنی سیاسیی خەڵكی ئێرانی دەرخست، ئەوە داوایەكی جورنالێستیی نییە، بەڵكوو راستییەكە كە دەكرێت لە شیكاری ھەڵوێستی خەڵك لە كاتی دەنگداندا بە جوانیی روون بكرێتەوە".

نووسەری وتارەكەی ئەو رۆژنامەیەی سەر بە سوپای پاسداران ھەوڵدەدات بە دوای ئەو ھۆكارە سەرەكییانەدا بگەڕێت كە رووخساری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێ لە وڵاتانی دیكەی جیھان جیا بكاتەوە و دەڵێ: "دەتوانین بڵێن ھۆكاری سەرەكیی و كاریگەریی بەشداریكردنی بەرفراوانی خەڵكی ئێران لە ھەڵبژاردن و دەنگداندا كە ھاوتاو و ھاوسەنگە لەگەڵ رێژەی بەشداریكردنی خەڵكی فینلەندا و كەنەدا لە ھەڵبژاردنی وڵاتەكەیاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی دیموكرات بوونی ئەو وڵاتە".

"داخ و خۆشحاڵیی"

رۆژنامەی ئیعتماد لە وتارێكدا باسی دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە، كە بە یەكەم دانیشتنی دوای روونبوونەوەی چارەنووسی نوێنەرانی ئەو ئەنجوومەنە ھەژمار دەكرێت و نووسیوێتی: "براوە و دۆڕاوەكان، ھەمووان ھەوڵیاندەدا ھەڵسووكەوتیان ئاسایی بێت. دانیشتنی كراوەی بەھارستان (ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران) لە ھەزار و سێسەد و حەفتا و چوارەمین رۆژی كاری ئەنجوومەنی نۆیەمدا نەیتوانی ئاسایی بێت. دۆڕاوەكان بە تەواوی مانا ھەوڵیاندەدا، بزە بێننە سەر لێویان و براوەكانیش ھەوڵیاندەدا تیشكی دڵخۆشیی بە رووخساریانەوە بشارنەوە".

بە گوتەی ئەو نووسەرە كاتێك زەنگی دانیشتنی كراوەی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی لێدرا، زۆربەی كورسییەكان خاڵی بوون، بەھەر حاڵ دوڕاوەكان پیرۆزباییان لە براوەكان دەگوت و براوەكانیش دڵی دوڕاوەكانیان دەداوە".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی