لە تورکیا "باری نا ئاسایی" راگەیاندرا

ھەواڵگریی توركیا ھۆشداریداوە

K24- ئیستەنبوڵ

زانیاریی دزەکردنی دوو خۆکوژ لە سووریاوە بۆ نێو خاكی تورکیا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش وایكرد لە هەموو پارێزگاکانی تورکیا بخرێنە دۆخی ئامادە باشییەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەری (هەبەرلەر)ی تورکیا دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە لە ئێوارەی دوێنێوە وێنەی دوو کەسی بڵاوکردووەتەوە، کە گومان دەکرێت سەر بە رێکخراوی داعش بن و لە سووریاوە بە قاچاغ  ھاتوونەتە ناو خاکی تورکیا و "بە نیازی ئەنجامدانی تەقینەوە بن لەو وڵاتە".

دەزگای هەواڵگریی تورکیا  ناو و وێنەی ئەو دوو "خۆکوژەی" بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە ئەوانە خەڵكی سووریان و ناویان  (م. ئ. س) و ( س . ئ ) ھەواڵگریی توركیا پێی وایە ئەو دوو خۆکوژە سەر بە رێکخراوی داعشن.

دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "دوای بەدواداچوونیان لەبارەی دەربازبوونی ئەو دوو خۆکوژە بۆ ناو خاکی تورکیا هۆشدارییان داوەتە دەزگا ئەمنییەکان و لە 81 پارێزگای تورکیا باری نائاساییان راگەیاندووە".

پێشتر وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئافکان ئالا رایگەیاند: "تورکیا رووبەڕووی هێرشی توندی تیرۆریستان بووەتەوە، لە هەردوو شاری ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و توانیویانە پێش تەقینەوەی چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو پوچەڵبکەنەوە".

گوتیشی: "تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵدا تا 18ی مانگی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا توانیویانە لە چەند شارێكی تورکیادا رێگریی لە روودانی 18 تەقینەوە بكەن".

ئا: کامەران عومەر

داڕشتنەوە: ھ. م