بەریتانیا فێربوونی زمان لە ھەرێمی كوردستان دەكات بە پڕۆژە

مامۆستایەكی زانكۆ: پێویستە دەزگا حكوومییەكان سوود لەو ھەلە ببینن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bb605fdc-c67e-450e-8f87-71eec63c11c4/konfransi%20baritaniya.ism/manifest

K24ھەولێر:

كونسوڵخانەی بەریتانیا بە رێگەی ئەنجوومەنی رۆشنبیریی بەریتانیا، پەرە بە فێركردنی زمانی ئینگلیزیی دەدات و جێگری بەرێوبەری ئەنجوومەنی رۆشنبیریی بەریتانی رایگەیاند، لە ئەم ساڵدا پڕۆژەكەیان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیی دەكەن بە پرۆژەیەکی سەرەكی لە ھەرێمی كوردستان.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) دەیوید پاردۆ، جێگری بەرێوبەری ئەنجوومەنی رۆشنبیری بەریتانی لە ھەولێر رایگەیاند: "ئێمە وەك بەریتانیا كاردەكەین و پلانی خۆمان ھەیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و سەنتەرەكانی فێربوونی زمان لە كوردستان".

گوتیشی: "داوا لە زانكۆكان و قوتابخانە حكوومییەكان دەكەین لە مانگی حەوت و ھەشتی ئەم ساڵەوە ھەوڵدەدەین ئەمە بكەین بە پڕۆژەی سەرەكیمان لە ھەموو كوردستان".

فێربوون و پەرەوەردە بنەمای سەرەكی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووە، ئەم دروشمە بووەتە ئامانجی كونسوڵخانەی بەریتانیا، كە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ لایەنەكانی پەروەردە و فێركردنی ھەرێمی كوردستان، سمیناری خۆیان بۆ گەشەپێدان و تێكەڵكردنی زانست و خوێندن ساز بكەن، پێشنیاز و بۆچوونی لایەنەكانیش بۆ سەركەوتن لە پرۆژەكانیان وه‌ربگرن.

ھۆگر محەممەد، بەرێوبەری سەنتەری زمان لە زانكۆی پۆلتیە تەكنیكی سلێمانی بە (كوردستان24)ی گوت: "پێویستە دەزگا حكوومییەكانمان بە تایبەتی سێكتەرەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا سوود لەم ھەلە وەربگرن، بتوانن بە قازانجی فێرخواز و مامۆستاكان و ئەو ستافانەی تایبەتن بە گوتنەوەی وانەی ئینگلیزی سوودی لێوەربگرن".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "یەكێك لە خاڵە گرنگەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی زانكۆكانمان تاچەند پەیوەندییان لەگەڵ زانكۆ جیھانییەكان ھەیە، بۆیە دەبێ ھانی زانكۆكانی بەریتانیا بدرێت كار لەگەڵ زانكۆكانی خۆمان بكەن بۆ پێشوەچوونی رەوتی خوێندن و ئاستی خوێندن و سەرجەم ئەو بوارانەی پەیوەستن بە خوێندن".

بەریتانیا لەو چەند ساڵەی رابردوو لە بوارەكانی خزمەت بە ھاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و كار كردن لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و جێندەری و ھەروەھا لە بوارەكانی خوێندن و پەروەردە خزمەتگوزارییەكانی خۆی لە 190 وڵات پێشكەش دەكات.

داڕشتنەوە: ھ. م