له‌ تازه‌خورماتوو داواى بۆردومانكردنى گوندى به‌شير ده‌كرێت

حەشدی شەعبی و ھاووڵاتیانی ناحیەی تازەخورماتووی سەر بەپارێزگای کەرکوك دژی ھاوپەیمانێتى دژ به‌ داعش و حکومەتی عێراق دەنگیان ھەڵبڕی
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/aa8c46a4-3b95-4f12-905e-9127848c06d9/Turkman%20taza.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

حەشدی شەعبی و ھاووڵاتیانی ناحیەی تازەخورماتووی سەر بەپارێزگای کەرکوك دژی ھاوپەیمانێتى دژ به‌ داعش و حکومەتی عێراق دەنگیان ھەڵبڕی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد کە فڕۆکەکانی عێراق و ھاوپەیمانێتييه‌كه‌ گوندی بەشیر بۆردومان بکات، کە ناوچەیەکی شیعەنشینە و لەژێر دەسەڵاتی داعشە کە تا ئێستا حەشدی شەعبی زیاتر لە 20 ھێرشی ئەنجامداوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو گوندە، بەڵام سەرجەم ھێرش و پەلامارەکانی حەشدی شەعبی شکستی ھێناوە، تورکمانە شیعەکانی تازەخورماتوو ئێستا خانووەکانیان دەفرۆشن و بەھۆی مەترسییەکانی داعشەوە ناحیەکە چۆڵ دەکەن.

ناحیەی تازە یان وەك پێی دەوترێت(كەربەلای بچوك) كاتێك دەچیتە نێو ناحیەكەوە ئاڵا رەنگاو رەنگەكانی شیعە شەقامەكانی ئەو ناحیەییەیان تەنیوە.

ھەرچەندە حەشدی شەعبی دەڵێن؛ لەم ناوچەیە ژیان ئاساییە، بەڵام بەگوزەركردن بەشەقامەكانی ئێرە دەیان خانوو دەبینیت كە بەھۆی بۆردومانی كوێرانەی داعشەوە كە رۆژانە بۆ ناوەندی ناحیەكە دەكرێت، چۆڵكراوە ئەمەش نموونەی یەكێكە لەو خانووانە كە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لەلایەن داعشەوە بۆردومان كرا كە لەئەنجامدا سێ ئەندامی خێزانی ئەم ماڵە برینداربوون، داعش بەردەوام لە گوندی بەشیرەوە كە پێنج كيلۆمه‌تر لەناوەندی ناحیەیی تازەوە دوورە بۆردومانی تازە دەكات.

ئەمەش ئۆقرەی لەدانیشوانی تازە بڕیو وایلێیان كرد كە خۆپیشاندان ئەنجامبدەن و داوا بكەن كە گوندی بەشیر لەدەستی داعش رزگار بكرێت.

خۆپیشاندەران ھەڕەشەی داخستنی ئەم وێستگەیەیان دەكرد كە لەناحیەی تازەو لەسەدا 50ی كارەبای كەركوك دابیندەكات.

فەرماندەكانی حەشدی شەعبیی دەڵێن: فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان و عێراق بەھیچ شێوەیەك گوندی بەشیر بۆردومان ناكەن ئەمەش بەئاستەنگی بەردەم كۆنترۆڵ نەكردنەوەی گوندی بەشير لەقەڵەم دەدەن.

شەقامەكانی ناوەندی ناحیەكە چۆڵی پێوە دیارەو ھاووڵاتیانی لێرە ھەڵاھاتوون، ئەو خێزانانەشی كە ماونەتەوە دەڵێن: ئێمە لەژێر ھەڕەشەی داعشدا ژیان دەگوزەرێنن.