بەربژێرێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کشایەوە

"هیچ کات هاوڕا نابێ لەگەڵ بەڕێوەبردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەن سەرۆکێکی موسڵمانەوە"

K24- هەولێر

بن کارسۆن، بەربژێری کۆمارییەکانی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا راگەیاند.

بنجامین سۆلۆمۆن بن کارسۆن کە پزیشکی بواری نەشتەرگەریی مێشکە و پێشتر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2016 خۆی کاندید کرد، پێشتر رایگەیاند: "هیچ رێگەیەکی سیاسیی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنم نابینم".

بن کارسۆن لە وتارێکدا لە پێش لایەنگرانی لە ویلایەتی میریلاند گوتیشی: "ئەگەر چی من دەستبەرداری هەڵمەتی هەڵبژاردنم دەبم، دەزانم خەڵکی زۆر هەن کە منیان خۆش دەوێ، بەڵام دەنگ بە من نادەن، ئەمەش جێی قبووڵکردنە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بەردەوام دەبم لە هەوڵەکانم بە شێوەیەکی گەورە و هەوڵی فریاکەوتنی گەلەکەمان دەدەم".

بن کارسۆن، بەربژێر لە هەڵبژاردنی کاندیدی چاوەڕوانکراوی پارتی دیموکراتی ئەمریکا پێشتر گوتوبووی: "ترس لە دزەکردنی تیرۆریستان بە رێگەی پەنابەرانەوە وەک ترسە لە سەگی هار".

ئەمە لە کاتێکدایە بن کارسۆن لە هەڵبژاردنەکانی دەستنیشانکردنی کاندیدی پارتی کۆماریی ئەمریکا بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو دەنگی کەمی بەدەستهێنا بە بەراورد لەگەڵ بەربژێرەکانی دیکە بە تایبەت دۆناڵد ترەمپ.

پێشتریش بن کارسۆن لە لێدوانێکدا گوتی: "ئیسلام لەگەڵ دەستووری ئەمریکا ناگونجێ و هیچ کات هاوڕا نابێ لەگەڵ بەڕێوەبردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەن سەرۆکێکی موسڵمانەوە".

بن کارسۆن لە دایکبووی ساڵی 1951 یەکێکە لە ناودارترین پزیشکەکانی جیهان لە بواری نەشتەرگەریی مێشک و یەکەم نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی دوانەیەکی ئەنجامداوە لە جیهان کە لە سەریانەوە بە یەکەوە نووسابوون.

سەرچاوە: CNN، ئا: ئا ، ف