رانیە پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنەكانی راگرت

"ھەندێك كەناڵی راگەیاندن كار بۆ وروژاندنی خەڵك دەكەن"

K24 - ھەولێر:

لە بارەی وەستاندنی پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنەكان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، قائیمقامی رانیە رایگەیاند، وەك ئیجرائاتی ئەمنیی ئەوەیان كردووە و ھەستیان بەوە كردووە ھەندێك كەناڵی راگەیاندن كار بۆ وروژاندنی خەڵك دەكەن.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) ھیوا قەرەنی، قایمقامی شارۆچكەی رانیە رایگەیاند: "ھۆكاری وەستانی پەخشی راستەخۆی تەلەفزیۆنەكان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەستمان كردووە چەند كەناڵێك كار بۆ وروژاندنی خەڵك دەكەن".

گوتیشی: "وەك لیژنەی ئەمنیی لە ناوچەكە بە پێویستمان زانی بۆ ئارامی و سەقامگیریی لە یادی راپەڕینی رانیە و دەوروبەری وەك ئیجرائاتی ئەمنیی ئەوە بكەین و رێگە بە ھیچ كەناڵێك نەدەین پەخشی راستەوخۆ لەو سنوورە بكات".

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "چەند رۆژێك بەر لەو یادە ھەندێك كەناڵی راگەیاندن راپۆرت و زانیاری وایان لەسەر رانیە بڵاو دەكردەوە ھەست دەكرا ئەوە تەنھا لە پێناو وروژاندنی خەڵكە بۆیە ئەو ئیجرائاتەمان بە پێویست زانیوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ئیجراواتە بۆ رێگە نەدان بە پەخشی راستەوخۆی كەناڵەكانی راگەیاندن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تا كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت دواتر كەناڵەكانی راگەیاندن دەتوانن كاری ئاسایی خۆیان لە بارەی راپەڕین و ناوچەكە ئەنجامبدەن".

5ی ئاداری ساڵی 1991 بە یەكەم رۆژی راپەڕینی خەڵكی باشووری كوردستان دژ بە رژێمی بەعس لە مێژووی كورد تۆماركراوە، لەم رۆژەدا خەڵكی شارۆچكەی رانیە و دەوروبەری بە پاڵشتیی مەفرەزەكانی پێشمەرگە توانیان شاری رانیە لە دەست رژێمی بەعس رزگار بكەن و لەوكاتەوە ناوی دەروازەی راپەڕین لە رانیە نراوە.