عەللاوی: بە دوو مەرج دۆخی نالەباری عێراق چارە دەکرێ

K24- هەولێر

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە رایگەیاند چارەی راستەقینە بۆ دۆخی کارەساتی عێراق بە وەزارەتی نوێ و تیکنۆکرات نابێ، چونکە گرفتەکە لە ناغێ پرۆسەی سیاسیدایە و بە دوو مەرج دۆخی نالەباری عێراق چارە دەکرێت.

ئەیاد عەللاوی، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "چاکسازیی لە عێراق دەبێ دوو تەوەر لەخۆ بگرێت، یەکەم زۆر خێرایە و پێویستە ئێستا جێبەجێ بکرێت و دووەم هەندێک درێژ خایەنە بۆ دەربازبووم لە دابەشکاریی و هاوسەنگیی و کەشی تایەفەگەریی سیاسیی و دروستکردنی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیجییەکان".

ئەیاد عەللاوی دەشڵێ: "دۆخی عێراقی خۆشەویست بەهۆکاری زۆر تێکچووە لەو هۆکارانە پشتگوێخستنی داواکارییە ئاشتیانەکان بۆ چاکسازیی سیاسیی و ئابووریی و کارگێڕیی و جێبەجێنەکردنی نووسراوی چاکسازیی سیاسیی کە بەشێک بوو لە نێو بەرنامەی حکوومەتی ئێستا".

سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە ئاماژەش دەکات کە: "ئەو کاتەی جێگری سەرۆک کۆمار بووم لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان داوام کرد لێبوردنی گشتیی بۆ ئەو کەسانە دەبکرێ کە لەگەڵ داعش تێوەگڵاون، ئەگەر لە دژی داعش چەک هەڵبگرن و مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێنەوە و داوای ئازادکردنی سوڵتان هاشمم کرد (وەزیری بەرگریی سەردەمی رژێمی پێشوو)، چونکە ئەو لە مووسڵ پێگەی هەیە، ئەمە جگە لە هۆکاری مرۆڤایەتیی و لەبەر دۆخی تەندروستیی، بەڵام ئەمە هەر لە بنەڕەتەوە تاوتوێ نەکرا".

ئەیاد عەللاوی ئەوەی خستەڕو کە: "عێراقی خۆشەویست لە کارەساتدایە کە زۆر مەترسیدارە، بۆیە پێویست دەکات چەند رێوشوێنێکی تایبەت بگیرێنەبەر، ئەگەر نا گەلەکەمان دەبێتە قوربانیی خراپتر لەوەی روویداوە، بۆیە چارەی راستەقینە لە وەزارەتی نوێ و تیکنۆکرات و نا تیکنۆکراتدا نییە، چونکە کێشەکە لە ناخی پرۆسەی سیاسیدا و ئەوانەدایە کە لە نێویدان یاخود لە دەرەوەین، چین ئەو کێشانە؟ و رێوشوێنە روونەکان چین بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و دیموکراتیی".

جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق جەختیشی کرد کە: "چاکسازیی دەبێ پشت بە دوو تەوەرە ببەستێ، یەکەمیان بریتییە لە دەربازبوون لە دابەشکاریی و هاوسەنگیی ەو کارکردن بە پەرەنسیپی هاونیشتمانیبوون وەک جێگرەوەیەک و پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵیی خزمەت و دەرکردنی لێبوردنی تایبەت و گشتیی بۆ هەر کەسێک لە دژی تیرۆر دەوەستێتەوە و دژی شەڕ دەکات و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە بڕیار و رێوشوێنی خێرا بەبێ ترس و دوودڵی و کرانەوە بە رووی لایەنە سیاسییەکاندا ئەوانەی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی دان و لە نێویشی دان بۆ بونیادنانی عێراقی هاونیشتمانیبوون".

ئەیاد عەللاوی ئاماژەشی کرد کە: "تەوەری دووەم پەیوەندیدارە بە ئابووریی و بونیادنانی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە شێوەیەکی دروست و بەردەوامبوون لە بونیادنانی دامودەزگاکانی دەوڵەت هەر لە هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ و هێزە چەکدارەکانەوە تاوەکوو دادگا و دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەتیش".

ئەمە لە کاتێکدایە هەینیی رابردوو بە سەدان هەزار لە لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەب رژانە سەر شەقامەکانی پایتەختی عێراق و داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد یان چاکسازیی دەستپێبکات یاخود دەچنە نێو ناوچەی سەوزەوە کە بارەگای سەرەکیی دەسەڵاتە لە عێراق.