راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ پیرۆزبایی گه‌لی كورد به‌بۆنه‌ی راپه‌ڕین، سوپاسی پێشمه‌رگه‌، ئیدانه‌كردنی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری له‌خۆ گرتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا، وێڕای پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كورد به‌بۆنه‌ی راپه‌ڕین، سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌یان كرد و "رێككه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیر"یان ئیدانه‌ كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "چارەكردنی قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستانی بە بنەمایەك زانی بۆ بەدیهاتنی یەكهەڵوێستی لە چارەكردنی قەیرانی ئابووری و ئیداری و ئەمنی".

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، وێڕای جیاوازی هه‌ندێك له‌ راوبۆچوونه‌كانییان، به‌ڵام هه‌ردوولا له‌سه‌ر زۆربه‌ی پرسه‌كان كۆكبوونه‌.

 

دەقی راگەیاندراوەکە:

ڕۆژی یەكشەممە 6ـی 3ـی 2016 پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا پیرۆزبایی گەرمی خۆیان ئاراستەی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان كرد بە بۆنەی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان و یاد و بۆنە و سەركەوتنەكانی مانگی ئادار.

هەروەها لەو یادەدا ڕێككەوتننامەی شوومی ئازاری 1975ـی نێوان شای ئێران و سەددام كە پیلانێكی ترسناك بوو لە دژی گەلەكەمان ڕیسوا و شەرمەزار كرا. كۆبوونەكە ئەو سەركەوتن و كارەساتانەی وەك هاندەرێك لە قەڵەم دا بۆ زیاتر پاراستنی ئەزموون و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و توندتر بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی گەلەكەمان بە تایبەتی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە دژی بەهاكانی  ژیان و مرۆڤایەتییە.

هەروەها هەردوولا پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەكان كرد كە دلێرانە توانیان تیرۆریستانی داعش بشكێنن و هێرشەكانیان پووچەڵ بكەنەوە. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی تیرۆر و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان نواند.

كۆبوونەوەكە ڕۆشنایی خستەسەر قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە قەیرانی سیاسی و، چارەكردنی قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستانی بە بنەمایەك زانی بۆ بەدیهاتنی یەكهەڵوێستی لە چارەكردنی قەیرانی ئابووری و ئیداری و ئەمنی.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا لەسەر چەندین بنەمای بنەڕەتی بۆ چارەسەر و بەرەوپیرەوەچوونی داخوازییەكانی گەلی كوردستان و پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان كۆك بوون و سەرەڕای بوونی هەندێ جیاوازی لە بیروبۆچوون، جەخت لەسەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی نێوانیان و پارتەكانی تر كرایەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار درا كە بۆ وردكردنەوەی هەموو ئەو خاڵانەی باسیان لێوە كراوە بەرنامە و ڕێگەچارە دابنرێت و بە هاوكاریی هەموو لایەك و بە یەكهەڵوێستی هەنگاوی عەمەلی بنرێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و بەكارخستنەوەی پارلەمان و پتەوكردنی كاروباری حكوومیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.