پاركێكی ئیسته‌نبوڵ یه‌كه‌م وێستگه‌ی دیداری په‌نابه‌ران و قاچاغچییه‌كانه
K24- هه‌ولێر:
شەڕ و نائارامیی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، خه‌ڵكێكی زۆری ناچاركرد بۆ دەستكەوتنی ژیانێكی باشتر رووبكەنە ئه‌وروپا، پاركی ئەكسەرای له ئیستەنبوڵ یه‌كه‌م وێستگه‌ی په‌نابه‌ران و قاچاغچییه‌كانه.
به‌شێكی زۆرله‌وانه‌ی كۆچ ده‌كه‌ن له رێی توركیاوه به قاچاخ ده‌ڕۆن، یه‌كه‌م وێستگه‌ی په‌نابه‌ران و قاچاخچییه‌كان، پاركی ئەكسەرای ئیستەنبوڵە.
عەلی حمسی قاچاغچیی ده‌ڵێ: "له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران رێكده‌كه‌وین بڕۆنه كوێ، ده‌یاننێرینه ئه‌و شوێنانه‌ی پۆلیسی لێ نییه".
ده‌شڵێ: "به ته‌له‌فۆن خه‌ڵكه‌كه كۆده‌كه‌ینه‌وه و له ماوه‌ی 15 خوله‌كدا ده‌یاننێرینه به‌نده‌ره‌كان و هه‌موو كاتیش چاودێریمان له‌سه‌ره".
عه‌لی حمسی گوتی: "هه‌ندێك قاچاغچیی هه‌ن گوێ به به‌رزی و مه‌ترسیداری شه‌پۆڵه‌كانی ئاو ناده‌ن".
به گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڕیارە یەكێتیی ئەوروپا و توركیا لەسەر پرسی كێشەی پەنابەران كۆببنەوە و داوا لە توركیا ده‌كه‌ن رێگای هاتنی به لێشاوی په‌نابه‌ران وڵاتانی دیكەی ئەوڕوپا كەمبكاتەوە.
لای خۆیه‌وه بەھادیر یەسیلتەپە بەرپرسی لقی دژ بەقاچاغبردن لە پۆلیسی ئیزمیر گوتی: "له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی گه‌رما و خراپتربوونی ره‌وشی سووریا، په‌نابه‌ران زیاتر روونه له توركیا ده‌كه‌ن".
گوتیشی: "تا زستانه به به‌راورد به ساڵی پار هێشتا ژماره‌ی مه‌ترسییه‌كان و هه‌وڵه‌كانی رزگاركردنی په‌نابه‌ران زۆر زیاتره".
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاوده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه نزیكه‌ی 30 هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر سنووری یۆنان و مه‌قدۆنیا گیریان خواردووه، رێگایان پێنادرێ بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئه‌وروپا بڕۆن.
هه‌ر به گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ زۆربه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانی سه‌ر سنووری یۆنان و مه‌قدۆنیا خه‌ڵكی عێراق و سووریا‌ن.
هه‌روه‌ك له راپۆرتێكی پێشووی كوردستان 24 ده‌ركه‌وت، ژماره‌یه‌كی به‌رچاویش له‌وانه‌ی له‌سه‌ر سنووری یۆنان و مه‌قدۆنیا گیریان خواردووه هاووڵاتیانی كوردن.
راپۆرت: هێمن هادی
داڕشتنه‌وه‌ی: م.ح