ساڵح موسلیم: پێویستە توركیا خۆی دەرباز بكات لە فۆبیای كورد
K24 - ھەولێر:
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) رایگەیاند، پێویستە تورکیا خۆی دەرباز بکات لەو فۆبیا لە کورد ھەیەتی.
ساڵح موسلیم راشیگهیاند: پەیوەندی پهیهده و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) جگه له پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی و کولتووریی، ھیچی دیکە نییه.
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی، موسلیم دەشڵێت: پەیەدە ئایدۆلۆژیا و بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکەی، ھەڵگرتووە.
رەتیشیکردەوە، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باڵی سەربازی پەكەكە بێت و دەڵێت: پەكەكە ھیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر یەپەگەوە نییە، موسلیم ئاماژهیداوه، لهسهر چهكداركردنی منداڵان، رهخنهیان له یهپهگه گرتووه و دواتر یهپهگه سیاسهتی خۆیی گۆڕیووه.
سەبارەت بەو ههڵوێستهی تورکیا، كه ئەگەر پەیەدە و باڵە سەربازییەکەی یەپەگە، خۆیان لە پەکەکە دووربخەنەوە، ئەوا ئەنقەرە ھاوکاریان دەکات، ساڵح موسلیم گومانی لەراستی ئەو قسانەی تورکیا ھەبوو.
لەبارەی چارەنووسی رژێمی ئەسەد، موسلیم دەڵێ، لەکۆتاییدا رژێمی ئەسەد ھەر دەڕوات و سووریایەکی دیموکرات و نامەرکەزییەت پێکدێت و ئەوانیش بەشێک دەبن لە سووریای نوێ.
داڕشتنەوە: ش، م