پارتى و يه‌كێتيى ئاماده‌ييان ده‌ربڕى بينا حكومييه‌كانى شنگال چۆڵ بكه‌ن

ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌نی سیاسی باڵاخانه‌ حكومیه‌كانیان له‌ قه‌زای شنگال كردووه‌ته‌ باره‌گای خۆیان. ئيداره‌ى پارێزگای نه‌ینه‌واش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و باڵاخانانه‌ به‌ فه‌رمی داوایه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كردووه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9bad58cc-9d21-43d6-871d-50a72bc499c1/DagirkirnaAvahiyenMiriLiShingale.ism/manifest

K24-شنگال:

زۆربەی بارەگای لایەنەسیاسییەكان لە شارۆچكەی شنگال لە بیناكانی حكوومەتدان، پارێزگای نەینەواش بە فەرمی داوا لە حزبەكان دەكات بینا حوكمیەكان چۆڵ بكەن.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) عەبدولقادر شنگالی، جێگری پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "پارێزگای نەینەوا بە فەرمی بڕیاریداوە ھەموو لایەنە سیاسییەكان لە شنگال بیناكانی حكوومەت چۆڵ بكەن، وەك لیژنە پارێزگا ھاتووین سەردانی حزبەكانمان كردووە لە شنگال، پێمان راگەیاندوون بە زووترین كات بیناكان چۆڵ بكەن".

گوتیشی: "بە داخەوە تا ئێستا تەنھا پارتی دیموكراتی كوردستان بیناكانی چۆڵ كردووە، لایەنەكانی دیكە بڕیارەكەیان جێبەجێ نەكردووە".

لە بارەی چۆڵكردنی بارەگاكانی حكوومەت لە شنگال وەحید باكوزی، بەرپرس لقی 17 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال بۆ (كوردستان24) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەشت خاڵی سەرەكی كە پێشمەرگەی تێدابوو، دوای ھاتنی شاندی پارێزگای مووسڵ بۆ شنگال گەیاندنی بڕیارەكە، ئێمە سەرجەم بارەگاكانمان چۆڵكرد و رادەستی حكوومەتمان كردنەوە".

ملازم بەرەكات، لە ھێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شنگال دەڵێ: "راستە ھەموو بیناكانی حكوومەت لە شنگال كراون بە بارەگاكانی حزب، ئەگەر ھاتن بیناكانی حكوومەت چاك بكرێن و نۆژەن بكرێنەوە ئێمەش ئامادەین ئەو بینایانە چۆڵ بكەین، بۆ ئەوەی  سوود لە بیناكان وەربگیرێت و خەڵك بگەڕێنەوە، چونكە ئێمەی لەو بینایانەدابین ھیچ سوودی بۆ خەڵك نابێت".

بە مەبەستی وەرگرتنی راوبۆچوونیان لەبارەی بڕیارەكەی پارێزگای نەینەوا (كوردستان24) سەردانی بارەگاكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی شنگالی كرد، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەن.

دوای رزگاركردنی شارۆچكەی شنگال لە لایەن ھێزی پێشمەرگە، لایەنە سیاسییەكان بارەگاكانیان بردە ناو شارۆچكەكە و لە بیناكانی حكوومەت جێگیربوون، ئێستا كە شنگال لە قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەدایە داوا دەكرێت بیناكانی حكوومەت چۆڵ بكرێن.

داڕشتنەوە: ھ . م