توركيا و ئه‌وروپا رێككه‌وتن

توركیا و یەكێتی ئەورووپا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە چیدیكە توركیا نەھێڵێت كۆچبەران بە شێوەیەكی نایاسایی دەربازی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا ببن.

K24 – هه‌ولێر:

توركیا و یەكێتی ئەورووپا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە چیدیكە توركیا نەھێڵێت كۆچبەران بە شێوەیەكی نایاسایی دەربازی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا ببن. سەرۆك وه‌زيرانى توركیاش دەڵێت: ئامانجی ئەوان ئەوەیە كە رێگە لە كۆچی نایاسایی پەنابەران بگرن لە بەرامبەریشدا رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەو رێككەوتنە سەركەوتوو نابێت.

توركیا و یەكێتی ئەورووپا لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە یەكێتی ئەورووپا بڕی 3 ملیار یۆرۆ بداتە توركیا وەك خەرجی گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە لە دەریای ئیجەدا دەستگیركراون یان بەشێوەیەكی نایاسایی گەیشتوونەتە خاكی یەكێتی ئەورووپا.

یەكێكی دیكە لە خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە ئەوەیە كە لەبەرامبەر ھەر كۆچبەرێكی نایاسایی كە دەگەڕێندرێتەوە توركیا یەكێتی ئەورووپا كۆچبەرێك بە شێوەیەكی یاسایی وەربگرێ ئەمەش بە مەرجێك ئەو كۆچبەرە سووری بێت.

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا له‌و باره‌يه‌وه‌ رايگه‌ياند، ئەو كۆچبەرانەی كە لە دەریای ئیجە یان لە خاكی یەكێتی بئەورووپا دەستگیردەكرێن دووبارە دەگەڕێندرێنەوە بۆ توركیا و لە بەرامبەریشدا ھەمان ژمارە كۆچبەری یاسایی رەوانەی ئەورووپا دەكرێن بە مەرجێك ئەو كۆچبەرانە بە رێگەی نایاسایی ھەوڵی رۆیشتنیان نەدابێت، ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی ژمارەی كۆچبەران لە توركیا زیاد نەكات.

خەرجی گەڕانەوەی كۆچبەران لە ئەستۆی یەكێتی ئەورووپا دایە ھەروەھا خەرجی كۆچی پەنابەرانیش بۆ وڵاتی سێھەم بۆیە ھیچ خەرجییەك زیاد نابێ و ئەگەر ھەشبوو ئەوا بە رێككەوتن چارەسەر دەكرێت.

رێككەوتنی توركیا و یەكێتی ئەورووپا ھەر وا بە بێدەنگی لێكنەدرایەوە بەڵكوو بووە جێگەی رەخنەی توندی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ كە پێیان وابوو كە ئەو رێككەوتنە سەركەوتوو نابێت و دەشڵێن یەكێتی ئەورووپا دەیەوێت كێشەكانی بخاتە سەر توركیا.

دیدۆری دیبوركا، بەڕێوبەری بەرنامەی ڤیسیۆ، رايگه‌ياند، ئه‌وه‌ نموونەیەكی ئاشكرایە كە یەكێتی ئەورووپا دەیەوێت چارەسەری كێشەكانی بخاتە ئەستۆی توركیا وەك دیارە یەكێتی ئەورووپا یارمەتی دارایی توركیا دەكات بەڵام ئەو رێككەوتنە سەر ناگرێ چونكە پەنابەران رێگایەك دەدۆزنەوە بۆ كۆچكردن.

لە بەرامبەر دا سەرۆك وەزیرانی توركیا دەڵێت: ئەوان دەیانەوێ یارمەتی ئەو كۆچبەرانە بدەن كە دەیانەوێ بەڕێگای یاسایی بچنە ئەورووپا.

داوودئۆغڵۆ گوتيشى: ئامانجی ئێمە نەھێشتی كۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیە دەمانەوێ یارمەتی ئەوانە بدەین كە دەیانەەوێ بەیاسایی بێنە ئەورووپا.

ساڵی رابردوو زیاتر لە 130 ھەزار پەنابەر لە رێگەی توركیاوە گەیشتوونەتە یۆنان و بەرپرسانی یەكێتی ئەورووپاش ھەمیشە توركیایان تۆمەتبار دەكرد بەوەی نایەوێ قەیرانی پەنابەران چارەسەر بكرێت.

رەنگە ئەم رێككەوتنەی دواییش بۆ پەنابەرە سووریەكان ھەواڵێكی ناخۆش نەبێت، بەڵام بۆ ئەو پەنابەرانەی كە عێراقی یان خەڵكی وڵاتانی دیكەن ھەواڵێكی كارەساتبارە چونكە چیدیكە ناتوانن لە سنوورەكانی توركیاوە دەربازی ئەورووپا ببن.