زەلمای خەلیزاد: پێویستە ریفراندۆم لە كوردستان بە ھەماھەنگی عێراق بەڕێوەبچێت

"ریفراندۆم دەبێت بەگوێرەی رێککەوتن و بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەبچێت، جا ئەوە سەربەخۆیی بێت یانیش ھەر شتێکی دیکە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7061532d-f133-4831-a96e-a853a6ccb325/Khalilzad%20Refrundom.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

زەلمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە (كورستان24) راگەیاند، ئەگەر ریفراندۆم بەڕێوەبچێت لە باشووری کوردستان، پێویستە بەھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەڕێوەبچێت و بەرێککەوتن ھەنگاوەکان بنرێن.

 زەلمای خەلیزاد، گوتیشی: " ھەرکاتێک دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆم، زۆر گرنگە کە ئەم کارانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی ئەنجامبدرێن، لەبەرئەوەی ھەر ھەنگاوێک بنرێت، ئەوە دەبێت بەگوێرەی رێککەوتن و بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەبچێت، جا ئەوە سەربەخۆیی بێت یانیش ھەر شتێکی دیکە پێویستە بەھەماھەنگی بێت لەگەڵ بەغدا".

زەلمای خەلیزاد، پیرۆزبای لە خەڵكی كوردستان كرد بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، سوپاسی قارەمانیێتی پێشمەرگەی كرد و گوتی: "دەمەوێت پیرۆزبایی لەسەرجەم خەڵکی کوردستان بکەم بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە و ھیوادارم ھەموویان کاتێکی خۆشبەرنەسەر لەم جەژنەدا و ھیوادارم ساڵی نوێ، ساڵێکی خۆشتر و باشتر بێت بۆ کوردستان ،باشتر لە ساڵی رابردوو لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووریی، دەمەوێت باس لەو قوربانیانە بکەم کە پێشمەرگە دەیدات لەرووبەڕووبوونەوەیان دژی داعش و سوپاسیان دەکەم لەو رۆڵە گەورەیەی لەو شەڕەدا ھەیانبووە و ئەوانە تەنیا بەرگری لە کوردستان ناکەن، بەڵکو بەرگری لە تەواو جیھان دەکەن".

 داڕشتنەوە: ش ، م