فرانس پرێس: داعش له قه‌زای روتبه‌ی رۆژئاوای ئه‌نبار كشایه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازیی رایگه‌یاند، چه‌كدارانی داعش له قه‌زای روتبه‌ی رۆژئاوای ئه‌نبار كشاونه‌ته‌وه.
ئه‌فسه‌رێك له سوپای عێراق به ئاژانسیی فرانس پرێس گوت: "داعش به ته‌واوه‌تی له شاری روتبه كشاوه‌ته‌وه"
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی عێراق گوتیشی: "چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و شاری قائیم له سه‌ر سنووری سووریا له رۆژئاوای ئه‌نبار كشاونه‌ته‌وه".
له ئابی 2014 داعش هێرشێكی به‌رفراوانی كرده سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی عێراق و توانی شاری مووسڵ و تكریت و ژماره‌یه‌كی زۆری قه‌زا و ناحییه‌كانی ئه‌نبار له نێویشیاندا قه‌زای روتبه كۆنتڕۆڵبكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌لف كوبه‌یسی راوێژكاریی ئه‌منی پارێزگاری ئه‌نبار دووپاتیكرده‌وه: "سه‌دان خێزانی داعش قه‌زای هیت جێهێشتووه و به‌ره‌و سنووره‌كانی سووریا له رۆژئاوای عێراق چوون".
كوبه‌یسی گوتی: "سه‌دان خێزانی داعش له هیت به‌ره‌و هه‌ردوو قه‌زای راوه و عانه له رۆژئاوای عێراق له پارێزگای ئه‌نبار راده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بچنه شاری رققه له سووریا".
راوێژكاریی ئه‌منی پارێزگای ئه‌نبار ئه‌وه‌شی گوت: "هه‌ندێك له‌و خێزانانه‌ی له بنده‌ستی داعش به بارمته‌كرابوون، توانیویانه له هیت بێنه ده‌ره‌وه و به‌ره‌و یه‌كه ئه‌منییه‌كانی عێراق بچن".
سه‌رچاوه: SPUTNIK ، و: م.ح