برێت ماكگۆرك: لە دوای 28 ساڵ دووبارە داعش چەكی كیمیایی لە دژی كورد بەكارھێنا

"ھێزەكانی پێشمەرگە بە ھەزاران كیلۆمەتریان لە دەستی داعش دەرھێناوە"

K24 – ھەولێر:

برێت مەكگۆرگ، نوێنەری تایبەتی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، لە دوای 28 ساڵ دووبارە داعش چەكی كیمیایی لە دژی كورد بەكارھێنا.

برێت مەكگۆرك رایگەیاند: "لە ساڵیادی كیمیابارنی ھەڵەبجەیە، دەمەوێ سەرەخۆشی خۆم و حكوومەتی ئەمریكا بگەینمە خەڵكی كوردستان و شاری ھەڵەبجە".

بریت ماكگۆرك، گوتیشی: "دەبێت ئێمە زۆر توندبین ئاگامان لە داھاتووی خۆمان بێت، وەك دكتۆر بەرھەم باسیكرد، دوای 28 ساڵ دووبارە داعش چەكی كیمیایی لە دژی كورد بەكارھێنایەوە، بۆیە ئەوە داوامان لێدەكات پێكەوەبین، یەك دەست دژی داعش بووەستینەوە".

لە بارەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان برێت ماكگۆرك گوتی: "ھێزەكانی پێشمەرگە بە ھەزاران كیلۆمەتریان لە دەستی داعش دەرھێناوە، پێشمەرگەی قارەمان كە ئێستا لە ھێڵی پێشەوەی بەرگرییە، سوپاس و پێزانینمان ھەیە بۆ قوربانیانی پێشمەرگە".

نوێنەری تایبەتی باراك ئۆباما گوتیشی: " دەتوانم بڵێم ئێستا دۆخەكە زۆر لە بەرژەوەندی ھێزەكانی دژ بە داعشە، دووبارە دەیڵێمەوە پێشمەرگە رۆڵی دەبێت لە  كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ".