ده‌ميرتاش داوايه‌ك ئاراسته‌ى بارزانى ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌لاحه‌دين ده‌ميرتاس، هاوسه‌رۆكى پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى كورد له باكوورى كوردستان (هه‌ده‌په)، له چاوپێكه‌وتنێكى تايبه‌تيدا له‌گه‌ڵ كوردستان 24، رايگه‌ياند، ديموكراسى ناوخۆيى ئازايى ده‌وێت و داواش له براى به‌ڕێزم بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م، بۆ پرسى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان پشتيوانى هه‌موو هێز و لايه‌نه سياسييه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت.
ده‌ميرتاش گوتى: هه‌ده‌په له كارنامه‌ى خۆي‌دا ئه‌وه‌ى جێ‌گير كردووه كه پشتيوانى له مافى چاره‌ى خۆنووسينى گه‌لان ده‌كات و گه‌لى كورديش له باشوورى كوردستان مافى خۆيه‌تى بگاته خواسته‌كانى.
سه‌ربه‌خۆيى كوردستان
ده‌ميرتاش گوتيشى: پرسى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان پرسێكى گرنگه و گه‌لى كورد له باشوورى كوردستان چ بڕيارێك بدات ئێمه پشتيوانى لێده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى: داوا له براى به‌ڕێزم بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م، پشتگيرى و هه‌ماهه‌نگى هه‌موو لايه‌نه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت بۆ يه‌كخستنى گوتارى كورديى له باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه و پێشنيازيش ده‌كه‌م، پرسى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يى كورد بێته‌وه به‌رباس و هه‌موو گه‌ل به‌يه‌كه‌وه ئه‌و بڕياره بده‌ن.
ده‌ميرتاش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌وان رۆژانه هه‌واڵه‌كانى باشوورى كوردستان ده‌بيستن و ئاگادارى ئه‌وه‌ن هه‌رێمى كوردستان له ره‌وشێكى ناهه‌موارى دارايى و له ژێر گه‌مارۆى به‌غدا و كاريگه‌رييه‌كانى شه‌ڕى داعشدايه و گوتيشى: هه‌ر هه‌واڵێكى ناخۆش له باره‌ى ناكۆكى نێوان لايه‌نه‌كانه‌وه ده‌بييستين زۆر خه‌مبار و نيگه‌ران ده‌بين.
له به‌شێكى ديكه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شيدا، ده‌ميرتاش داواى له لايه‌نه ئۆپۆزيسيۆنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد، شانبه‌شانى حكومه‌ت هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان بده‌ن و هه‌رچه‌ند ره‌خنه‌ش ده‌گرن، به‌ڵام كارى ئه‌وان و به‌رپرسيارێتيان له ئێستادا ئه‌وه‌يه به‌يه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئاشتيى و ديموكراسى له باشوورى كوردستان پێشبخه‌ن.
هاوسه‌رۆكى هه‌ده‌په، سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌سايه‌تى بارزانى پێشه‌نگه له ناوچه‌كه‌دا و خه‌ونى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردستانى هه‌يه.
ته‌قينه‌وه‌كانى توركيا
ده‌ميرتاش گوتى: ئێمه ئاشتيخوازيين و ده‌مانه‌وێت به ئاشتيى بژيين، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام، په‌نجه‌ى تۆمه‌ت ئاراسته‌ى لايه‌نه كوردييه‌كان ده‌كات و ئه‌وان به ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى تيرۆريستيى تۆمه‌تبارده‌كات، له كاتێكدا گرووپى ديكه هه‌ن و ده‌ڵێن ئێمه بووينه ته‌قينه‌وه‌كه‌مان كردووه، كه‌چى توركيا ئه‌وه ناسه‌لمێنێت.
بۆردومانى قه‌نديل
ده‌ميرتاش باسى له‌وه‌شكرد، توركيا به‌رده‌وامه له بۆردومانكردنى قه‌نديل و ته‌قينه‌وه هه‌بێت و نه‌بێت ئه‌وان هه‌ر ئۆپراسيۆن ئه‌نجامده‌ده‌ن.
گوتيشى: له چه‌ند رۆژى رابردوودا له چوار باژێرى باكوورى كوردستان ئۆپراسيۆن له دژى ئه‌ندامان و به‌رپرسانى هه‌ده‌په ئه‌نجامدراوه و ماڵباته‌كانيان خراونه‌ته ژێر چاودێرييه‌وه.
خه‌نده‌ق
له باره‌ى هه‌ڵكه‌ندنى خه‌نده‌ق له لايه‌ن گه‌نجانى كورده‌وه، ده‌ميرتاش سه‌رنجى بۆ ئه‌وه راكێشا ئه‌و پرسه له لايه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه شێوێندراوه و ئه‌و گه‌نجانه بۆ به‌رگرتن له ئۆپراسيۆن و پاراستنى سه‌روماڵيان ناچارن له‌به‌رده‌م سوپا و هێزه ئه‌منييه‌كانى توركيادا خه‌نده‌ق هه‌ڵبكه‌نن و به‌رگرى له خۆيان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه ناكرێت لۆمه و گله‌يى له‌و هاووڵاتييانه بكه‌ين كه له 1991 راپه‌ڕينيان له ده‌ڤه‌رى رانييه له دژى رژێمى به‌عس ئه‌نجامدا و دواتر سه‌دام په‌لامارى ناوچه كوردستانييه‌كانى دايه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن ناكرێت ئێمه ره‌خنه له قازى و سه‌ركرده‌كانى كۆمارى مهاباد بگرين، بڵێين ئه‌وان خه‌تاى خۆيان بوو له‌سێداره دران. ئه‌وه‌ى سه‌دام له به‌رامبه‌ر باشوورى كوردستانى ده‌كرد، ئێستا توركيا له دژى هاووڵاتيانى باكوورى كوردستان ئه‌نجاميده‌دات و به ته‌واوى چه‌ندين ناوچه‌ى كوردستان باژێر و گه‌ڕه‌كى كوردانى وێران كردووه.
خۆسه‌رى
ده‌ميرتاش باسى له‌وه‌شكرد، داواكردنى سيستمى خۆسه‌رى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه كوردستانييه‌كان په‌يوه‌ندى به هه‌ڵكه‌ندنى خه‌نده‌قه‌كانه‌وه نييه و گوتى: ئه‌وه داوايه‌كى ره‌واى خه‌ڵكى باكوورى كوردستانه و ده‌يانه‌وێت خۆيان باژێره‌كانيان به‌ڕێوه‌به‌رن.
وێرانكارى
ده‌ميرتاش گوتى: سياسه‌تى ده‌وڵه‌تى توركيا به‌رامبه‌ر به باكوورى كوردستان سياسه‌تى وێرانكردن و سڕينه‌وه‌يه. ئه‌ردۆغان ده‌يه‌وێت خه‌ڵك سزا بكات و ئه‌و هاوشێوه‌ى سه‌دام حوسێنه.
ته‌عريب و به‌ربه‌ست
له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ى كوردستان 24دا سه‌لاحه‌دين ده‌ميرتاش په‌رده‌ى له‌سه‌ر سياسه‌تێكى نوێى توركيا هه‌ڵماڵى و گوتى: توركيا ده‌يه‌وێت به‌ربه‌ستێكى مرۆيى له نێوان پارچه‌كانى باكوور و باشوور و رۆژئاواى كوردستان درووستبكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، په‌نابه‌ره عه‌ره‌به‌كانى سووريا ده‌هێنێت و له ناوچه سنوورييه‌كان نيشته‌جێيان ده‌كات و ديه‌وێت ديموگرافياى ناوچه‌كه بشێوێن.
ئه‌وروپا و كورد
له باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا و ئه‌وروپا و ئه‌مريكاوه، ده‌ميرتاش سه‌رنجى بۆ ئه‌وه راكێشا له‌و نێوه‌دا دوو كێشه هه‌ن، يه‌كێكيان كێشه‌ى په‌نابه‌رانه و ئه‌وروپا ناچاره له‌گه‌ڵ توركيا بگاته رێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌يه.
له باره‌ى دووه‌ميشيانه‌وه، گوتى: پرسه‌كه په‌يوه‌ندى به روانگه‌ى ديرۆكى ئه‌وروپا و ئه‌مريكاوه هه‌يه بۆ پرسى كورد، ئه‌وان نايانه‌وێت هێزێكى نوێ كه كورده بێته پێشه‌وه و كورد ببێته هێزێك له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، چونكه توركيا هاوپه‌يمانى ئه‌مريكايه و ئه‌نجامى په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سييه.
هه‌روه‌ها گوتى: هه‌رچوار پايته‌ختى ناوچه‌كه، شام، ئه‌نقه‌ره، به‌غدا و تاران هه‌رچه‌ند ناكۆكيش بن له باره‌ى مافى كورده‌وه يه‌كڕان و دژى كوردن.
په‌زى قوربانى
سه‌باره‌ت به سياسه‌تى توركيا به‌رامبه‌ر به هه‌ده‌په، سه‌لاحه‌دين ده‌ميرتاش گوتى: ده‌وڵه‌ت ئێمه وه‌ك په‌زى قوربانيى به‌كارده‌هێنێت و هه‌ر جارێك له شه‌ڕدا و له رووى سه‌ربازى و ديپلۆماسييه‌وه شكستده‌هێنێت په‌لامارى ئێمه ده‌دات و كاتى خۆيشى له 1994دا هه‌مان سياسه‌تيان به‌رامبه‌ر به له‌يلا زانا په‌يڕه‌و كرد، كه سه‌ره‌نجام توركيا زۆر زيانى به‌ركه‌وت و ديموكراسى له توركيا به ته‌واوى پاشه‌كشێى كرد و ناوبانگێكى خراپى بۆ په‌يدا بوو.
ده‌ستوورى نوێ
ده‌ميرتاش له باره‌ى داخوازى كوردى باكووره‌وه گوتى: ئێمه ئاماده‌ين له باره‌ى هه‌موو مۆديله‌كانى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رييه‌وه دانووستان بكه‌ين، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌يه ئه‌ردۆغان سيستمى ديموكراتى ناوێت.
خه‌ليفه و ديكتاتۆر
هاوسه‌رۆكى هه‌ده‌په، ئه‌وه‌شى گوت: ئه‌و سيستمه سياسييه‌ى ئه‌ردۆغان داوايده‌كات، سيستمى سه‌رۆكايه‌تى نييه به ته‌نيا به‌ڵكو ئه‌و ده‌يه‌وێت سيستمێكى خيلافه‌تى و ديكتاتۆريانه ئاوا بكات و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆى كێشه‌ى گه‌وره له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ريدا.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، توركيا و ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام پشتيوانى له داعش و به‌ره‌ى نووسره و ئه‌حرار شام ده‌كه‌ن و ده‌يانه‌وێت به هه‌ر نرخێك بووه ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوبه‌رى كورد له رۆژئاواى كوردستان نه‌مێنێت.
توركيا داده‌بڕێت
سه‌لاحه‌دين ده‌ميرتاش له روانگه‌ى ستراتيژييه‌وه باسى له مه‌ترسييه‌كانى توركيا كرد و گوتى: توركيا ترسى له‌وه‌يه ئێستا هه‌موو سنووره‌كانى باشوورى توركيا له ده‌ستى كورده چ له باشوورى كوردستان و چى له رۆژئاواى كوردستان ئه‌وه‌ش مه‌ترسييه بۆ سه‌ر داهاتووى توركيا چونكه توركيا له دنياى عه‌ره‌بى و وڵاتانى ديكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فريقيا داده‌بڕێت.
په‌يوه‌نديى
له باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى كورد له‌گه‌ڵ توركيا، ده‌ميرتاش باسى له‌وه‌كرد، هه‌رێمى كوردستان په‌يوه‌ندى دۆستانه هه‌يه و په‌يه‌ده‌ش له رۆژئاواى كوردستان دژايه‌تى توركيا ناكات، به‌ڵام ئه‌وه توركيايه ده‌يه‌وێت دژايه‌تى كورد بكات.
ديموكراسى ناوخۆيى گرنگه
له به‌شێكى ديكه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌يدا، ده‌ميرتاش باسى له‌وه كرد، ئه‌گه‌ر كورد يه‌كبگرن و به‌يه‌كه‌وه شه‌ڕ بكه‌ن، هيچ هێزێك له دنيادا ناتوانێت بيانشكێنێت و به‌سه‌رياندا زاڵ بێت.
گوتيشى: ديموكراسى بۆ كۆمه‌ڵگه ئازايه‌تى ده‌وێت جێبه‌جێ بكرێت و كارى له‌سه‌ر بكرێت، وه‌ك چۆن ئازايه‌تيمان هه‌يه به‌رامبه‌ر به نه‌يارانمان پێويسته بۆ ديموكراسى ناوخۆيش ئاوا ئازا بيين.
هه‌روه‌ها گوتى: كورد نه‌ته‌وه‌يه‌كه به گشتيى خوازيارى ديموكراسييه، چونكه خۆى قوربانى ده‌ستيى سياسه‌تى ديكتاتۆرييه.
روونيشيكرده‌وه، له ئێستادا ته‌ڤگه‌رى ئازادى كوردستان له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستاندا له رووى ديموكراسييه‌وه پێشكه‌وتنى به‌رچاويان به‌ده‌ستهێناوه و كۆى گشتيى لايه‌ن و بزاڤه سياسييه‌كه‌ى كورد دژى سزاى له‌سێداره‌دانه و هه‌روه‌ها له رووى مافى ژنانه‌وه هه‌نگاوى گه‌وره‌ى ناوه و بۆ ئازادى راده‌ربڕينيش توانيويانه پانتاييه‌كى باش بهێڵنه‌وه و پارێزگارى له ئازادى بكه‌ن.
نه‌ريتى فاشيستانه
له به‌شێكى ديكه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ده‌ميرتاش باسى له قه‌ده‌غه‌كردنى خوێندن و زمانيى دايكيى له كوردى باكوورى كوردستان كرد له لايه‌ن توركياوه و گوتى: ئه‌وان ده‌يانه‌وێت هه‌مووان ته‌نيا به توركيى بدوێن ئه‌وه‌ش نه‌ريتێكى فاشيستانه‌يه. من هاووڵاتى كۆمارى توركيام به‌ڵام من كوردم و دايك و باوكم كوردن.
گوتيشى: ئێمه هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌كه‌ين بۆ ئاواكردنى خوێندنگه به زمانى كورديى – كرمانى و زازاكى بۆ ئه‌وه‌ى منداڵانى كورد زمانى دايكيى و نه‌ته‌وه‌يه‌ى خۆيان له بير نه‌چێت.