په‌نگوينێك چاكه‌ى به‌ساڵاچوويه‌ك له‌ بير ناكات

پەنگوینێكی نەخۆش و چەور بوو بە نەوتی خاو رزگار دەكات و بەخێوی دەكات تا چاك دەبێتەوە.

K24 – هه‌ولێر:

ھاووڵاتییەكی بەساڵاچووی بەرازیلی بە ناوی خواودی سۆزا، چوار ساڵ پێش ئێستا لە كەناراوێكی ریۆدی جانیرۆی بەرازیل، پەنگوینێكی نەخۆش و چەور بوو بە نەوتی خاو رزگار دەكات و بەخێوی دەكات تا چاك دەبێتەوە. دواتر پەیوەندیی نێوان خواودی و پەنگوینەكە زۆر بەھێز دەبێت، ھەرجارێك  پەنگوینەكە كۆچ دەكات، دوای ماوەیەك و بۆ بینینی خواودی دەگەڕێتەوە كەناراوەكە.

ئەمە چیرۆكی خۆشەویستی و سوپاسگوزاری پەنگوینێكە بۆ پیرەمێردێكی بەرازیل. ئەم بەساڵاچووە، لە ساڵی 2011 پەنگوینێكی نەخۆش و بەنەوت چەور بوو لە كەناراوی دوورگەیەكی ریۆدی جانیرۆ رزگار دەكات.

پەنگوینەكە كە ناوی جین جینە، دوای چاكبوونەوە كەناراوەكە بەجێی دێڵێت، بەڵام له‌و كاتەوە زوو زوو سەردانی بەساڵاچووەكە دەكات و خۆشەویستی و سوپاسی  خۆی بۆ دەردەبڕێت.

خواو دی سۆزە خاوەن پەنگوینه‌كه‌ گوتى: ئەو كاتەی پەنگوینەكە رۆیی، خەڵكی گوتیان ناگەڕێتەوە، بەڵام دوای چوارمانگ گەڕایەوە كەناراوەكە. كە منی بینی یەكسەر بە خێرایی و خۆشییەوە بۆ لام ھات.

خواو دەڵێت ئەو پەنگوینەكەی كەناوی جین جینە، خۆش دەوێت و بە منداڵی خۆی دەزانێت، پێشی وایە پەنگوینەكە ھەمان ھەستی ھەیە.

گوتيشى:  ئەوكاتەی جاری دووەم ویستی بەجێمبێڵێت، بانگیم كرد و خۆی لە دوای من نا. منیش پێم گوت، بڕۆ بڕۆ بۆ دەریا. چووە قوڵایی و دواتر بانگی كردم، خواو خواو. منیش پێم گوت من بەجێتناھێڵم، بەڵام من وەك تۆ مەلە نازانم. ئەگینا لەگەڵت دەھاتم. دواتر زانی من ناتوانم، چووە قوڵایی. 

ھیوای خواو ئەوەیە بزانێت پەنگوینەكەی لە كوێ و لەگەڵ كێ دەژیت، بۆ ئەوەی سەردانی شوێنەكەی بكات. تا ببینێت ئایا جین-جین لە نێو ئاپۆرای پەنگوینەكاندا، دێتەلای و وەك ھەموو جارێك لە باوەشی دەگرێت.