رووسیا زانیاری له باره‌ی 16 ژنه خۆكوژ كۆده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی رووسیا، چاودێری 16 ژنه خۆكوژیی سه‌ر به داعش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی خۆكوژیی له‌ناو خاكی رووسیا ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی مۆسكۆ، سه‌رجه‌م لقه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری رووسیایان له گه‌یشتی ئه‌و 16 ژنه خۆكوژه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، هاوكات ئاگاداركردنه‌وه‌كه سه‌رجه‌م زانیاری ئه‌و ژنه خۆكوژانه‌یان له‌خۆگرتووه.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی رووسیا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و ژنه خۆكوژانه سه‌ر به گرووپێكن به‌ناوی "حه‌جولبر" و له ئێستاشدا له رێگه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه رووسیا و له‌ناو خاكی ئه‌و وڵاته كاری تیرۆریستی و تێكده‌رانه ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌منییه‌كه ئاشكراشیكردووه له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ی ئه‌مساڵه‌وه ئه‌و گروپه ژنه خۆكوژه هه‌وڵی گه‌یشتن به رووسیا ده‌ده‌ن.
كه‌ناڵی "Life News"ی رووسی، وێنه‌یه‌كی ئه‌و ئاگادارنامه‌یه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری رووسیا بڵاوكردووته‌وه و تێیدا ئاماژه به سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و گرووپه ده‌كات و ده‌ڵێت: "سه‌فاری ئه‌لجابری هاووڵاتی رووسیا سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و گرووپه ژنه خۆكوژه ده‌كات".
ئاگادارنامه‌كه ئاماژه به ئامانجی خۆكوژه‌كان ده‌كات و رایگه‌یاندووه، ئه‌وان به‌نیازن وێستگه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی، پاس، میترۆكان و تونێله‌كان و سه‌ربازگه‌كانی رووسیا بكه‌نه ئامانج.
به گوێره‌ی هه‌واڵی ته‌له‌ڤزیۆنه رووسیه‌كه، ئه‌وه‌ی بووه‌ته جێگه‌ی ئاڵۆزكردنی كاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌یه تا ئێستا نازانن ئه‌و گرووپه خۆكوژه له كام وڵاتی ئه‌وروپا به‌ره‌و رووسیا به‌رێكه‌وتوون.
سه‌رچاوه: LifeNews