لە توركیا رێوشوێنی ئەمنی تووند بۆ پاراستنی كلێساكان گیراوەتەبەر

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئەمریکییەکان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی هۆشیار بن و ئەگەری ئەوە هەیە داعش هێرش بکاتە سەر کلێساکان.

K24 – ھەولێر:

بەبۆنەی جەژنی "قیامە" مەسیحییەكان لە توركیا رێوشوێنی ئەمنی توند لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە گیراوەتەبەر، بۆ پاراستنی كلێسا و پەرستگەی جووەكان.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی: مەراسیمی جەژنی "قیامە" كریستیانەكان كە ئەمڕۆ بەرێوەدەچێت لە چەند شارێكی توركیا رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی ئەو شوێنانەی پەرستنیان تێدا دەکرێت، تووندتر دەكرێن.

ھاوكات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئەمریکییەکان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی هۆشیار بن و ئەگەری ئەوە هەیە داعش هێرش بکاتە سەر کلێساکان.

جەژنی "قیامە" واتا ھەڵسانەوە، ساڵانە كریستیانەكان جیھان لەو رۆژە دا مەاسیمی ئاینی لە كلێساكان ئەنجامدەدەن و ھێلكە رەنگ دەكەن.

ھۆكاری گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی توند دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو چەکدارێکی داعش خۆی لە یەکێک لە شەقامە جەنجاڵەكانی ئیستەنبوڵ تەقاندەوە، بەهۆیەوە4  کەس کوژران و ژمارەیەکی دیكە برینداربوون.

بەر لە ئەنجامدانی تەقینەوەكەی ئیستەنبۆڵ ئەمریكا هۆشداری لە ئەگەری ئەنجامدانی تەقینەوە لەو شارە دابوو، تەنیا رۆژێكیش دوای هۆشدارییەكە لە ئیستەنبوڵ تەقینەوە ئەنجامدرا.