ھاوپەیمانی ئیسلامی ناوەندێكی سەربازی دادەمەزرێنێ

K24 - ھەولێر:

بڕیارە بە مەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە، ھاوپەیمانی ئیسلامی دژی تیرۆر ناوەندێكی سەربازی لە ریازی پایتەختی سعودیە دابمەزرێنێ.

بە گوێرەی زانیاری چەند میدیایەكی سعودی و جیھانی دوێنێ بۆ یەکەمجارسوپاسالاری وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسلامی دژ بە تیرۆر لە ریاز کۆبوونەوە و لە كوبوونەوەكەدا بڕیاردراوە ناوەندێكی سەربازی لە ریاز بكرێتەوە.

میدیاكان ئەوەشیان خستوەتەڕوو، مەبەست لە كۆبوونەوەی سوپاسالاری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ئیسلامی دژی تیرۆر لە ریاز، بۆ دانانی ستراتیژێکی سەربازیی و دارایی و میدیایی بەرفراوان، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بووە.

بەپێی زانیاری میدیا فەرمییەكانی سعوودیە، یەکەم کاری ھاوپەیمانی ئیسلامی دژ بە تیرۆر، کردنەوەی ناوەندی سەربازییە لە ریاز، وەک هەنگاوی یەکەم رووە و دروستکردنی هەماهەنگییەکی پتەو لە نێوان وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیەتیەکەدا.

ساڵێک لەمەوبەر، محەممەد بن سەلمان وەزیری بەرگری سعودیە، پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ئیسلامی دژ بە تیرۆری راگەیاند، ئێستا ٤٠ وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی لەم ھاوپەیمانیەتیە بەشدارن.