سەركردەیەكی یەكێتی: كورد بە زۆر خۆی بە عێراقەوە لكاندووە

"ململانێی نادروستی حزبی پرسی سەربەخۆیی دابەش دەكات"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e2b1385b-41aa-4490-b02a-87b25af84dcd/prsi%20serbexoiy%20slemani.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، ئێستا كورد بە زۆر خۆی لكاندووە بە عێراقەوە بارودۆخێك ھاتوەتە پێش ھیچ شتێكمان لەگەڵ عێراق نەماوە، ھەر لەسەر ئەو پرسە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی دەڵێ، خەریكە ململانێی نادروستی حزبی پرسی سەربەخۆیی دابەش دەكات.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (كوردستان24)ی رایگەیاند: "ئەگەرچی پێشتر ئێمەیان لكاندووە بە عێراقەوە، بەڵام ئێستا ئێمە بە زۆر خۆمان لكاندووە بە عێراق، بارودۆخێك ھاتووەتە پێش كە ئێمە ھیچ شتێكمان لەگەڵ عێراق نەماوە".

گوتیشی: "وەك گەلی كورد و پێشمەرگە ھەرشتێك داوا دەكەین لە بەغدا و مافی خۆمانە لە عێراق بۆمان دابین ناكرێت، ھەر كەسێكیش لە بەغدا دەم دەكاتەوە رەئی لەسەر ئێمە خراپە".

فارس نەوڕۆڵی، گوتەبێژی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمان بە (كوردستان24)ی گوت: "ئەو ھەلومەرجەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی پێدا تێدەپەڕێت، پێدەچێت نەخشەی ناوچەكە دارێژرێتەوە، بۆیە پێم وایە ھەلومەرجەكە زۆر لە بارە بۆ ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بەداخەوە ئێمەی كورد ململانێی نادروستی حزبی وەك چۆن ھەموو شتەكانی دابەشكردووە خەریكە پرسی سەربەخۆیی دابەش دەكات كە پێویست ناكات، بەڵكو پێویستە ئێستا ماڵی كورد یەك بخرێت، لە ھەر شتێكی دیكە جیاوازیمان ھەیە پێویستە لە مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیدا دەبێ یەك راو ھەوڵوێستمان ھەبێت".

ئەبوبەکر کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێ: "بارودۆخ زۆر لە بارە بۆ ئەوەی بیر لە پڕۆژەیەكی وا بكەینەوە بچینە قۆناغی دوای فیدڕاڵی، لەبەر ئەوەی فۆڕمی فیدڕاڵی لە عێراق شكستی خواردووە و كێشەی كورد گەورە بووە".

باسی لەوەشكرد: "وەك كورد ناتوانین بەشێكی سروشتی بین لە عێراقدا، ئێستا كاتی ئەو پڕۆژەیە بەڵام بەداخەوە ناوخۆی كوردستان پێویستە ئیشی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی بەرزبكرێتەوە بۆ ئەوەی بقۆزرێتەوە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە".

ئەوە لە كاتێكدایە كە ئێستا لە ھەموو كات زیاتر سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە گوتار و دیدارە رۆژنامەوانیەكاندا جەخت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان دەكاتەوە، لە لایەكی دیكە عێراق بەھۆی قەیرانی سیاسی و ئیداری لە ھەوڵدایە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و راگەیاندنی حكوومەتی تەكنۆكرات لە عێراق.