به ڤیدیۆ... شرۆڤهی یارییهكانی خولی نایابی كوردستان ببینه
K24 ـ ههولێر
شەمهندەفەری خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان زۆربە خێرایی تێپەردەبێت، بۆیە یانەكان دەبێت، لە ھەفتەكانی دادێت، زۆربە ھەستیاری مامەڵە لەگەڵ یارییهكان بكهن، چونكە تیژرۆیشتنی شەمندەفەرەكە رەنگە وابكات بەشێك لە سەرنشینانی جێبێلێت.
ھەولێرلە یاریگای خۆی و لەبەردەم ھاندەرانی میوانداری زاخۆ دەكات. ھەردوو یانە لەم وەرزە دووجار رووبەرووی یەكتربونەوە، بەلام ھەردوو یاری بە بەرانبەربوون كۆتایی پێھاتووە، ھەولێر ھەفتەی رابردوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی تەنھا خاڵێكی بەدەستھێنا، نایەوێ چیتر خاڵی لێ بچۆرێ، ناشیهوێت ژمارەی یەكسانبوونەكانی لەم وەرزە بكاتە دە یەكسان بوون، تەنھا چاوی لەسەر دەستبەركردنی سێ خاڵی یارییەكە دەبێت.
ھەرچی یانەی زاخۆشە تاكە یانەبووە كە ھەفتەی رابردوو سەركەوتنی بەدەستھێناوە و سەروی كۆمەڵەكەی بە 3 خاڵ گرتووە و نایهوێت وابەئاسانی دەستبەرداری بێت، چاویان لەوەیه بە بردنەوە لە ھەولێر شوێنی خۆیان قایمتر بكەن.
لە یارییهكی تردا، دھۆكی بریندار میوانداریی پێشمەرگەكانی ھەولێر دەكات، دھۆك كە لە دێربی بادینان تووشی شكست بوو، ئێستا ھیچ خاڵێكی نییە و لە خانەی دواوهی ریزبەندیكە دەبیندڕێت، بەنیازە بەسەركەوتن بەسەر پێشمەرگەدا ھەم قەرەبووی شكستەكەی ھەفتەی پێشوو بكاتەوە، ھەمیش ھەنگاوێك بۆ پلەكانی پێشەوە باوێت.
لە بەرانبەردا پێشمەرگەی ھەولێر نایەوێت سیناریۆی قۆناغی یەكەمی خولەكەی لەبەرانبەردھۆكیەكانیان بەسەر دووبارە بێتەوە، كاتێك تووشی دۆراندن ھاتن و لە یاری گەرانەوەش كە یاریگای خۆیان بوو دیسان نەیانتوانی قەربووی بكهنەوە، بۆیە بەنیازن بهستەڵەكی دھۆك بەشكێنن و بە سێ خاڵ بۆ بەرزاییەكانی پیرمام بگەرێنەوە، ئەگەرچی بۆئەم یارییە بابۆ بههۆی پێكانهوه لە تواناكانی شوان مامۆی گۆڵكەری تیپهكەی بێبهشه، بەڵام گەرانەوەی میران كەریم رەنگە ئەم بۆشاییەی بۆ پر بكاتەوە.
ھەرچی تایبەتیشە بە یاری پاشكۆ لە پێناو مانەوە لە ریزی یانە پلە نایانەكانی كوردستان یانەی ھەندرێنی شاری ھەولێرمیوانداری یانەی سۆلاڤی شاری كەركوك دەكات.
ھەندرێن لە یاری چوون توانی لە نێو خاكی كەركووك بە گۆڵێكی كۆسرەت بایز بە سێ خاڵ بۆ ھەولێری پایتەخت بگەرێتەوە و ھەنگاوێك خۆی لەمانەوە نزیك بكاتەوە، نایەوێ ئەم تاكە ھانگاوی ماوە لە یارگای خۆی وا بە ئاسانی لە دەستی بدات.
یانەی سۆلاڤیش كە تەنھا بردنەوە یانەكەی بابەگورگورلە خولەكە دەھێڵێتەوە، بۆیە راھێنەران و یاریزانانی سۆلاڤ باش دەزانن یاری گەرانەوە بۆوان شهڕی مان و نهمانه و جگە له بردنەوە نەبێت ھیچ ئەنجامێكی ترنرخی نیە بۆیان.
یاریی نێوان ههولێر و زاخۆ سبهی چوارشهممه له كات 3:30ـی ئێواره له یاریگهی یهكهمی فرهنسۆ ههریری بهرێوه دهچێت. له ههمان رۆژیشدا یانهی پێشمهرگهی ههولێر له كات 6:00ـی ئێواره دهبێته میوانی یانهی دهۆك.