داهێنانێكی نوێ بۆ سووتهمهنی فڕۆكهی بێ فڕۆكهوان
K24 - ههولێر:
كۆمپانیایەكی بەریتانی بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكهوان، یان ئهو فڕۆكانهی لە دوورەوە ئاراسته دهكرێن، لە رێگەی سووتەمەنی ھایدرۆجینییەوە توانای ماوهی فڕینی فڕۆكەكان, لە 15 خوولەك بۆ 2 كاتژمێر بەبێ پاتری، درێژتر دەكاتەوە، ئەمەش سوودێكی باشى دەبێت لە پرۆسەی گەڕان و پشكنین و كاروباری جیاوازدا.
كۆمپانیای ئینتێليجێنت ئێنێرجی بەریتانی, دوای توێژینەوەیەكی ورد، دواجار توانی لە رێگەی خانەی ھایدرۆجینییەوە، توانای فڕینی فڕۆكە, لە دوورەوە ئاراستەكراووەكان و فڕۆكهی بێ فڕۆكهوان, بۆ 2 كاتژمێر درێژ بكاتەوە.
لێرە لەم كێڵگەیەی "لەفبەرە"، لە دووری 170 كم لە شاری لەندەن، بەرھەمھێنەرانی ئەم جۆرە فڕۆكه بێ فڕۆكهوانه، نوێترین بەرھەمیان تاقیدەكەنەوە، كە گۆڕانێكی تەواو پێشبینی نەكراو و ناوازەیە لەم بوارە تایبەتە تەكنەلۆجییە.
جولیان ھیوز، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای ئینتێليجێنت ئێنێرجی گوتی: "ئەم فڕۆكەیەی ھەڵمگرتووە، پشت بە خانەی وزەی ھایدرۆجین دەبەستێت, خانە ھایدرۆجینییەكان وەك سەرچاوەی وزە، باشترین و پاكترین جێگرهوهيه".
ئەوەی ئەم فڕۆكەیە لە فڕۆكەكانی دیكهی ھاوشێوەى جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە فڕۆكەكە ھاوڕێی ژینگەیە و ھیچ پاشماوەیەك لهدوای خۆی بهجێناهێڵێت، جگە لە ھەوای گەرم و ئاو.
فڕۆكە بێ فڕۆكهوانهكان، 2 پێكھاتەی گلدانەوەی ھایدرۆجینيان ھەن, كە 350 میلی لیتر ھایدرۆجین دەگرێت و لەگەڵ ئۆكسجین كارلێك دەكات.
جوليان ههروهها گوتی: "لە سەرەوە 2 پێكھاتە و خانەی قەتیسكردنی ھایدرۆجین ھەن، ئەو ئۆكسجینەی كە پێویستیانە، لە دەوروبەرهكهی وەریدەگرێت و كارلێك دەكەن, دوای كارلێك كردنیشیان، وزەی كارەبای لێ بهرههمدێت".
ئەم دەسكەوتە زانستییە كە كۆمپانیای ئینتێلجێنت ئێنێرجیيه، لە ئێستاوە سەرنجی دامەزراوەی جیاجیای راكێشاوە، لەوانە، ئاژانسی بۆشاییگهریی نیشتیمانی ئەمریكا (ناسا)، كە چەندین ساڵە سەرقاڵی توێژینەوەن لە بواری قەتیسكردن و كۆنتڕۆڵكردنی ھایدرۆجین، كە بە ھۆیەوە وزەیەكی پاكتر لە فڕین و ھەڵدانی كەشتی و فرۆكە بەكار دەھێندرێن.